ژماره‌ى ئاڵووده‌بووان به‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر چوار مليۆن كه‌سى تێپه‌ڕاندووه‌

بەڕێوەبەری ئه‌نجوومه‌نی بەرەنگاربوونەوەی ماددەھۆشبەرەكان, سادق سەروەری، رایگەیاند، "بەكارھێنانی ماددەی ھۆشبەر, گەورەترین قەیرانی كۆمەڵایەتيى ئێرانە".

K24 – تاران:

بەڕێوەبەری ئه‌نجوومه‌نی بەرەنگاربوونەوەی ماددەھۆشبەرەكان, سادق سەروەری، رایگەیاند، "بەكارھێنانی ماددەی ھۆشبەر, گەورەترین قەیرانی كۆمەڵایەتيى ئێرانە".

 سادق سەروەری گوتی: "رێكلامی ناڕاست ھۆكاری ئاڵوودەبوونی گەنجانی ئێرانە به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر وڵات دروستده‌كات".  

بە گوته‌ی سەروەری، ئامارەكان دەریانخستووە: "ئەگەر ھاووڵاتیان ھاوكار نەبن، لە داھاتوویەكی نزیكدا لە ھەر خێزانێكی ئێران، دوو كەس گیرۆدەی ئاڵووده‌بوونی ماددەھۆشبەرەكان دەبن".

بەڕێوەبەری نه‌خۆشییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لە وەزارەتی كاری ئێران، (روزبە گەردوونی)، پێشتر رایگه‌یاندبوو، "ماددەی ھۆشبەر و ھەڵوەشاندنەوەی خێزان دوو نه‌خۆشی گه‌وره‌ی كۆمەڵایەتین له‌ ئێراندا".

ئامارە نافەرمییەكان ئاماژه‌یان پێداوه‌، "سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 4 ملیۆن كەس لە ئێران راستەوخۆ گیرۆدەی ماددەھۆشبەرەكان بوون و ھەزاران كەسیش ناڕاستەوخۆ ماددەی ھۆشبەر بەكاردێنن".

ئەوە لە كاتێكدایە ‌بە گوێرەی ئاماری ناوەندی فەرمی بەرەنگاربوونەوەی ماددەھۆشبەرەكانی ئێران، ملیۆنێك و 325 ھەزار كەس له‌و وڵاته‌ گیرۆدەی ماددەی ھۆشبەربوون.

10%ی تووشبووانی مادەی ھۆشبەر لە ئێران ژنانن، بە گوتەی بەرپرسانی رێكخراوی هؤشياركردنه‌وه‌ی ئاڵووده‌بوون، "تەمەنی ئاڵودەبوون بە ماددەی ھۆشبەر لە ئێراندا  بۆ ته‌مه‌نی‌ 11 ساڵ دابه‌زیوه ".