ورده‌كارى ته‌قينه‌وه‌كه‌ى ئه‌سته‌مبوڵ و كاردانه‌وه‌كانى

K24 – ئه‌سته‌مبوڵ:
ته‌قينه‌وه خۆكوژييه‌كه‌ى ئه‌سته‌مبوڵ، كوژرانى 9 هاووڵاتى به ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌ڵمانيى و كه‌سێكى ديكه‌ى لێكه‌وته‌وه و 15 كه‌سى ديكه بريندار بوون.
ته‌قينه‌وه‌كه له نزيك گه‌ڕه‌كى سوڵتان ئه‌حمه‌د، نزيك مه‌يدانى پێشووى ئه‌سپ سوارى له ده‌روبه‌رى مزگه‌وتى شين روويدا، كه ديارترين ئه‌و شوێنانه‌ن، گه‌شتياران رووى تێده‌كه‌ن.
به‌و هۆيه‌وه توركيا حاڵه‌تى بارى له‌ناكاوى راگه‌ياند و ته‌قينه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ به دووه‌م ته‌قينه‌وه‌ى له‌و جۆره هه‌ژمار ده‌كرێت، دواى ئه‌وه‌ى له 10ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابردوو، ته‌قينه‌وه‌يه‌كى ديكه روويدا و بووه هۆى كوژرانى 103 كه‌س.
سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، ئه‌حمه‌د داودئۆغڵۆ، له وته‌يه‌كى ته‌له‌فزيۆنييدا، رايگه‌ياند، ناسنامه‌ى خۆكوژه‌كه ديار كراوه و ئه‌وه‌ى خۆى ته‌قاندووه‌ته‌وه، كه‌سێكى سه‌ر به رێكخراوى داعش بووه.
سه‌رۆك كۆمارى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان له وته‌يه‌كدا ئيدانه‌ى ته‌قينه‌وه‌كه‌ى كردوو و گوتى: "خۆكوژه‌كه هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى سووريايى بووه".
هه‌روه‌ها گوتى: "به‌داخه‌وه له نێوان كوژراوه‌كاندا هاووڵاتيى بيانى هه‌ن و ئه‌و رووداوه‌ش ده‌ريخست، كه توركيا دژى تيرۆر وه‌ستاوه‌ته‌وه".
هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه پۆليسى توركيا هه‌واڵى ده‌ستگيركردنى 47 گومانلێكراوى راگه‌ياند.
كه‌ناڵه‌كانى توركيا ده‌ڵێن، ئه‌و كه‌سانه سه‌ر به رێكخراوى داعش بوونه و په‌يوه‌ندييان به ته‌قينه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆوه هه‌بووه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ راوێژكارى ئه‌ڵمانيا ئه‌نگێلا مێركڵ ئه‌نجامدا.
به گوێره‌ى زانيارى فرانس پرێس، له‌و په‌يوه‌ندييه‌دا، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا پرسه‌نامه‌ى ئاراسته‌ى راوێژكارى ئه‌ڵمانيا كردووه و به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى پێداوه به وردى لێكۆڵينه‌وه بۆ دۆزينه‌وه‌ى كه‌سانى پشت ئه‌نجامدانى ته‌قينه‌وه‌كه بكات.
گوته‌بێژى حكومه‌تى توركيا، نو‌عمان قورتولموش، رايگه‌ياند، له‌سه‌ر داواى ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ، كۆبوونه‌وه‌يه‌كى ئه‌منيى به په‌له دواى ته‌قينه‌وه‌كه ئه‌نجامدراوه.
به گوێره‌ى زانيارييه‌كانى حكومه‌تى توركيا، خۆكوژه‌كه له‌دايكبووى 1988ى سووريا بووه، به‌ڵام ناويان ئاشكرا نه‌كرد.
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى دۆغانى توركيا بڵاويكردووه‌ته‌وه، خۆكوژه‌كه ناوى نه‌بيل فه‌زڵى بووه و له‌دايكبووى عه‌ره‌بستانى سعوودييه بووه.
ته‌قينه‌وه‌كه به‌هێز بووه و كاتژمێر 10:18 خوله‌ك روويداوه.
له ديمه‌نى يه‌كه‌مى رووداوه‌كه، وێنه‌ى ژماره‌يه‌ك ته‌رم ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌سه‌ر زه‌وى و له شێونى رووداوه‌كه له‌سه‌ر زه‌وى كه‌وتوون.
ژنه گه‌شتيارێكى نزيك رووداوه‌كه، كه رزگارى بووه، بۆ فرانس پرێس، گوتويه‌تى: "ته‌قينه‌وه‌كه زۆر به‌هێز بوو، تا راده‌ى ئه‌وه‌ى هه‌ستت ده‌كرد بوومه‌له‌رزه كه‌وتووه".
شاهێدحاڵێكى ديكه باسى له‌وه كردووه، ته‌نانه‌ت له دوورى چه‌ند كيلۆمه‌ترێك له گه‌ڕه‌كى سوڵتان ئه‌حمه‌د و له ناو شه‌قامى ته‌قسيم، گوێى له ده‌نگى ته‌قينه‌وه‌كه بووه.
حكومه‌تى ئه‌ڵمانيا به په‌له هاووڵاتيانى ئاگادار كردووه‌ته‌وه، ئاگادارى خۆيان بن و نزيكى شوێنه گه‌شتيارييه‌كانى توركيا نه‌كه‌ونه‌وه.
هه‌روه‌ها فه‌ره‌نساش هۆشدارى داوه‌ته هاووڵاتيانى نزيكى شوێنه گوماناوييه‌كان نه‌كه‌ونه‌وه.
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سعووديه، له به‌ياننامه‌يه‌كدا، ئيدانه‌ى ته‌قينه‌وه‌كه‌ى ئه‌سته‌مبوڵى كرد و تێيدا هاتووه: "شانشينى عه‌ره‌بيى سعووديه، ئيدانه‌ى هه‌موو ته‌قينه‌وه و كرده‌وه تيرۆريستييه‌كانى ناو هه‌ريه‌ك له عێراقى برا و كۆمارى توركيا ده‌كات و شانبه‌شانى ئه‌و وڵاتانه له دژى هه‌موو جۆره كرده‌وه‌يه‌كى تيرۆريستيى ده‌وه‌ستێته‌وه".
دواى ته‌قينه‌وه‌كه‌ى ئۆكتۆبه‌رى رابردوو، توركيا به حاڵه‌تى بارى له‌ناكاوييدا گوزه‌ر ده‌كات.