پێكھاتە جیاوازەكان پاڵپشتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن

نوێنه‌ری شه‌ش پێكهاته‌ی ئایینی پشتگیری داواكه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌ن

K24 - كه‌ركووك:

نوێنەری 6 پێكهاته‌ی ئایینی كوردستان سەردانی میحوەری رۆژئاوای كەركووكیان كرد و وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە، پاڵپشتی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند.

له‌ چوارچێوهی كۆبوونه‌وه‌‌یاندا له‌گه‌ڵ كه‌مال كه‌ركووكی به‌رپرسی میحوه‌ری هێزی پێشمه‌رگه‌، ئەو نوێنەرانە پاڵپشتی خۆیان بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە دەربڕی. ھاوكات  كەمال كەركووكی داوای لە نوێنەری ئەو شەش ئایینە جیاوازەی كوردستانكرد، پاڵپشتی لەسەربەخۆیی كوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەو پرسە دەرببڕن.

كەمال كەركووكی گوتی:" سەردانی ئەمڕۆی نوێنەری سەرجەم پێكھاتەی ئایینییەكانی كوردستان بۆ میحوەری كەركووك لە ئەنجامی سەركەوتنەكانی ھێزەكانی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعشدا دێت".

كەركووكی ئەوەشی خستەڕوو، پێشمەرگە توانی بەبێ جیاوازی پارێزگاری لە سەرجەم پێكھاتەكانی كوردستان بكات، بە تایبەت لە پارێزگای كەركووك كە پێشمەرگە بە خوێن پارێزگاری لە كورد، عەرەب و توركمانی ناوچەكەكرد.

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك گوتیشی: "ژووری عەمەلیاتی ئێمە ئەمڕۆ وەك ھیندستانێكی بچووكی لێھاتووە، لەھەموو پێكھاتەكانی تێدایە، كە بەرگری لەخاكی كوردستان دەكەن".

ھەر لەو سەردانەدا نوێنەری پێكھاتە ئاینییەكانی كوردستان رایگەیاند: "ئەوان ئەوە بە مافی رەوای گەلەكەمان دەزانن و بەبێ دووڵی پشتیوانی لەو داوایەی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان  بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كورستان دەكەین".

سەبارەت بە دوا جمووجۆڵەكانی داعش لە میحوەری كەركووك بەرپرسی میحوەری كەركووك گوتی: "داعش كۆمەڵیك چەكداری لە سووریا و موسڵەوە كۆكردووەتەوە و له ‌نزیك میحوەری كەركووك جێگیری كردوون، ئێمەش ئامادەكاری تەواومانكردووە و بێگومان دەرسێكی باشیان پێدەدەین".

لە درێژەی قسەكانیدا كەركووكی گوتی: "گەلی كوردستان بەختەوەری، ئاسایش و سەربەخۆییان دەوێت، ھەموو لایەنەكانیش لەسەر ئەوە كۆكن و كاری جدی بۆ دەكەن".