رۆژنامەكانی ئێران: "30 ملیار دۆلاری ئێران ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌"

مانشێتی زۆربەی رۆژنامەكانی ئێران ھەواڵی نزیكبوونەوەی وادەی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 و لابردنی گەمارۆكانی سەر بانكەكانی ئێرانی بڵاوكردووەتەوە.

K24 – تاران:

مانشێتی زۆربەی رۆژنامەكانی ئێران ھەواڵی نزیكبوونەوەی وادەی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 و لابردنی گەمارۆكانی سەر بانكەكانی ئێرانی بڵاوكردووەتەوە. تەقینەوەكەی ئەستەمبوڵ، پرسێكی دیكەی جێگەی بایه‌خی رۆژنامەكانی ئێران بوو، سەرەڕای ئه‌وه‌، به‌رده‌وامبوون له‌ رەخنەگرتنیان لە سیاسەتی سعوودیە.

"رۆژی ھەینی رۆژی لابردنی گەمارۆكان"

رۆژنامەی دەوڵەت نووسیویەتی: "30 ملیار دۆلاری ئێران ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌". بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی ئێران گوتوویەتی: "ھەفتەی داھاتوو لەگەڵ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی، ئەو سەرچاوە داراییانه‌ی ئێران كە دەستیان بەسەرداگیراوە، ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌".

رۆژنامەی دونیای ئیقتساد له‌ سەرەكییترین ھەواڵیدا،  ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، "گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 30 ملیار دۆلاری ئێران و جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی لە رۆژی ھەینییەوە دەست پێدەكات".

"توركیا ناوەندی قەیرانە"

رۆژنامەی دونیای ئیقتساد وتارێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌شێكی وتاره‌كه‌دا نووسیویەتی، "لە ماوەی 14 ساڵ دەسەڵاتدارییەتی پارتی داد و گەشەپێدان له‌ توركیادا، سەرەڕای ئەوەی ئەو پارته‌ ھەوڵییدا پەرە بە سیاسەتەكانی لە ناوچەكە و جیھان  بدات، وردە وردە دەسەڵاتی سوپای كەمكردەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو توركیایەی رۆژانێك ھەوڵی دەدا خۆی لە كێشەكانی ناوچەكە بپارێزێت، ئێستا سەرەڕای ئەوە بەردەوام لەگەڵ كوردەكانی وڵاتەكه‌ی بە چەقی قورس شەڕ دەكات، رۆژانە جیھان شایەتی كوژرانی ھاووڵاتیانی توركیایە، لە ناوچەكەش بە دەستوەردان لە كاروباری سووریا و زیادكردنی گرژییه‌كانی سعودییە و ئێران و كێشە بەردەوامەكانی لەگەڵ رووسیا، ئێستا بۆ خۆی ناوەندی قەیرانە".

"ره‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌ته‌كانی سعوودیه‌"

رۆژنامەی ئێران ئاماژەی بە به‌یاننامەی ئەنجوومەنی ھاریكاریی كەنداو و وڵاتانی كۆمكاریی عەرەبی دژی ئێران كردووە، نووسیویەتی، " ئیدانه‌كردنی ھێرشەكانی سەر باڵوێزخانەی سعوودیە لە ئێران و باسەكانی دیكەی نێو ئەو دوو بەیاننامەیە، لە حاڵەتێكدا دەسكەوتی بۆ سعودییە دەبوو كە كۆماری ئیسلامیی ئێران رۆڵیی تێیدا ھەبووایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئێران ھەر زوو كردەوەی ھێرشكردنە سەر باڵوێزخانەكانی سعودییەی مه‌حكوومكرد، ھەوڵییدا بە یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكات، ئەوەش بواری بۆ نەیارانی ئێران بەرتەسككردەوە، كە دژی ئێران پڕوپاگەندە بكەن، بۆیە ئەوە سعودییە بوو كە دۆڕا".   

 "كێ بەرپرسی شكۆمەندی ھاووڵاتیانی ئێرانە؟"

رۆژنامەی كەیھان (سەر بە پارێزگاران) سەروتاره‌كه‌ی بەو پرسیارە دەستپێكردووە، "پاراستنی شكۆمەندی ھاووڵاتیانی ئێران بەدەست كێییە؟ ھاوكات رەخنەی لە حكوومەت گرتووە كە سەره‌ڕای ئەوەی رەخنەی لە سعودییە نەگرتووە، ھەوڵی لەكارلادانی بەرپرسە ئەمنییەكانی داوە".

كەیھان له‌ به‌شێكی سه‌روه‌تاره‌كه‌یدا نووسیویەتی، "حكوومەت لە گۆڕەپانی دیبلۆماسییدا ئەوەندەی پاشەكشێكردووە كە تەنانەت سوودان و جیبۆتیش پەیوەندیمان لەگەڵ دەپچڕێنن"، پرسیاریی ئه‌وه‌شیكردووه‌، "ئایا باشتر وانەبوو كە ئێران دەستپێشخه‌ریی كردبا و باڵوێزی سعوودیه‌ی دەركردبا!".