رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان: توركیا جه‌نگی دژی داعشی راگه‌یاند
K24 ـ هه‌ولێر:
كاردانه‌وه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شاری ئه‌سته‌نبوڵ له توركیا، مژاری ژماره‌ی نوێی رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كانه. له‌و چوارچێوه‌یه رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه به‌ناونیشانی (توركیا جه‌نگی دژی داعش راگه‌یاند تا كۆتایی هاتنی دوایین چه‌كداریان).
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو رایگه‌یاند: سه‌رچاوه‌ی تیرۆر ئه‌و "جه‌نگی ناوخۆ" یه‌یه كه له سووریا هه‌یه، هه‌روه‌ها ئۆغڵو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه، وڵاته‌كه‌ی دژی داعش ده‌جه‌نگێت تا كۆتایی هاتنی دوا چه‌كداریان.
كاردانه‌وه‌ی پێشوازییه‌كه‌ی عه‌بدولفه‌تاح سیسی، سه‌رۆكی میسر له نادییه موراد، ئه‌و كچه كورده‌ی له‌ژێر چنگی داعش رزگاری بوو له میدیا عه‌ره‌بییه‌كان به‌رده‌وامیی هه‌یه، رۆژنامه‌ی ئه‌لزه‌مان بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه تێیدا هاتووه، پێشوازییه‌كه‌ی سیسی له نادییه موراد هه‌ستكردنه به مرۆڤبوون.
به‌گوێره‌ی بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌لزه‌مان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاروباری ئێزیدییان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی كوردستان خه‌یری بوزانیی تیشكی خستووه‌ته سه‌ر هه‌ره‌سی سوپای عێراق و روودانی كاره‌ساتی شنگال و دیمه‌نه تراژیدییه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته مرۆییه، هه‌روه‌ها پێشوازیی سه‌رۆكی میسر له نادییه مورادی به‌رز نرخاندووه.
جه‌نگی داعش له ناوچه‌كه و گۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌گه‌ری ده‌ستكاریكردنی سنووره‌كان، هه‌روه‌ها دابه‌شبوونی عێراق و سووریا وه‌كوو دوو وڵاتی "هه‌ڵوه‌شاوه" بابه‌تێكی دیكه‌ی ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كانه.
رۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یاتی له‌نده‌نی وتارێكی شه‌فیق نازم ئه‌لغه‌برای بڵاوكردووه‌ته‌وه كه مامۆستای زانسته سیاسییه‌كانه له زانكۆی كوه‌یت به ناونیشانی (نه‌گۆڕ و گۆڕاوه‌كان دوای تێپه‌ڕبوونی سه‌د ساڵ به‌سه‌ر سایكس- پیكۆ).
نووسه‌ر له‌بابه‌ته‌كه‌یدا سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر دابه‌شكردنی میراتی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی له لایه‌ن ڕۆژئاوا و دیاریكردنی سنووره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی عێراق و سووریا له ساڵی 1922، پاشان دێته سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی ئێستا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسیی و جوگرافیی و ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق و سووریا وه‌كوو دوو وڵات كه گه‌نده‌ڵیی و خه‌راپ به‌ڕێوه‌بردنیی به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان ده‌بات.