ئازاد جوندیانیی: ئیرادەی بەكۆیلە هێشتنەوەی كوردستان ئیرادەیەكی بە تاڵ و دۆڕاوە

"خەڵكیی لەسەر ستراتیژ و سەربەخۆبوون ساردەكەنەوە"

K24- ھەولێر:

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، ھەندێك بە ناو روناكبیر و چالاكوان و میدیاكار و شتی تریش، بە بیانووی جۆراوجۆر بەھۆی ململانێ و ناكۆكی نێوان حزبەكان، خەڵكیی لەسەر ستراتیژ و سەربەخۆبوون ساردەكەنەوە.

ئازاد جندیانی، لە وتارێكیدا لە بارەی سەربەخۆیبوونی كوردستان و ئاستەنگ و دژایەتیكردنی لە ژێر ناونیشانی (دۆڕاو) نووسیویەتی: "هێندێ بە ناو رووناكبیر و چالاكوان و میدیاكار و شتی تریش، بەبیانووی جۆراوجۆر و بەهۆی هێندێ ململانێ و ناكۆكی نێوان حزبەكان و بگرە ناچوونییەكی تێزە ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندییە سیاسییەكانەوە، خەڵكی كوردستان لەسەر ستراتیژی سەربەخۆبوون ساردئەكەنەوە و نیگەران و دوودڵیان ئەكەن".

ئازاد جوندیانیی دەشڵێ: "وێڕای ئەوەی چاوشۆڕی مێژوو ئەبن، ئەوا گرەوەكەشیان ئەدۆڕێنن و دواجار ئیرادەی سەربەخۆیی كوردستان ئیرادەی براوە ئەبێ و بە دەربڕینێكی سادە و پاراوی كوردیی، كە هەموو خەڵكی كوردستان تێی ئەگا ئیرادەی بەكۆیلە هێشتنەوەی كوردستان، ئیرادەیەكی بەتاڵ و دۆڕاوە".

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا جوندیانیی نووسیویە: "كورد لە ئاستی دامەزراوە رەسمی و سیاسی و مەدەنی و كۆمەڵایەتیەكانیەوە، لەبەردەم دەروازەی ئیستحقاقێكی ئاوەها گرنگ و چارەنووسساز دایە و لەسفدەری (عتبە) چوونە ناو دنیایەكی نوێ دایە، كەچی خەریكە لەوبارەوە رای ناوخۆی كورد كەرت ئەبێ. خەریكە لای هێندێ كەس و بگرە ناوەندی سیاسی و رووناكبیریشدا، سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەت و رزگاری لە ریزبەندییدا بۆ دواوە پاشەكشەی پێ ئەكرێ و لە ژێر هەژموونی بەرژەوەندی یان رقی حزبی".