دوایین زانیاری لەبارەی سزایەکەی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید

K24 ـ هه‌ولێر

دوای ئەوەی یانەکانی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی بڕیاری سزادرانیان بۆ دوو ماوەی گواستنەوەی یاریزانان بەسەر سەپێندرا، ئێستا ئەو دوو یانەیە لە کۆبوونەودان بۆئەوەی هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا رابگه‌یه‌نن.

رۆژنامەی ئاس و مارکا رایانگەیاندووە، ئێستا فلۆرێنتینۆ پێرێز لەگەڵ راوێژکارە یاساییەکانی یانەکەی لەکۆبوونەوەدایە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو گرێبەستانە بکەن، کە لە دوو ساڵی رابردوو لەگەڵ یاریزانان واژوویان کردووە، هەروەها رۆژنامەکان بڵاویانکردووەتەوە، کە ریال مەدرید تانە لە بڕیارەکەی فیفا دەدات و و پیێوایە هیچ سەرپێچییەکی یاسایی نەکردووە.

چاوەڕێ دەکرێت یانەی ریال مەدرید لە چەند سەعاتی داهاتوودا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوبکاتەوە و روونکردەوە لەبارەی ئەو شۆکە بدات، کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تووشی یانەکە بوو.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، لەوانەیە ریال مەدرید لەم مانگە هەوڵەکانی جڕتر بکاتەوە، بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ بگوازێتەوە یانەکەی، چونکە یانەکە ناتوانێت لە گواستنەوەی هاوینەی 2016 و و گواستنەوەی زستانەی 2017 هیچ یاریزانێکی نوێ بباتە ریزەکانی.

فیفا لەەو بەیاننامەی سزادرانی ریال و ئاتلێتیکۆی تیادا بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە لە ماددەکانی 9, 19 و 5 سەرپێچیانکردووە و پێویستە لە ماوەی 90 رۆژدا ئەو دوو یانەیە سەرپێچییەکانیان راستبکەنەوە.

ئینریكی سێریزۆ سه‌رۆكی یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید له‌ به‌یاننمایه‌كدا ره‌تی كرده‌وه‌ كه‌ یانه‌كه‌یان هیچ سه‌رپێچیه‌كی كردببێت، ئاشكراشی كرد كه‌ یانه‌كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست بۆ فیفا ده‌نێرێت.

رۆژنامه‌ی ئاس بڵاوی كرده‌وه‌، یانه‌كه‌ به‌هۆی ئه‌و سزایه‌ی به‌سه‌ری سه‌پێنرا به‌نیازه‌ گرێبه‌ستی تیاگۆ مێندێز و فێرناندۆ تۆرێس نوێ بكاته‌وه‌، ئه‌و یاریزانانه‌ی به‌خواستنیش به‌ڕێی كردوون بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌.