نێچيرڤان بارزانى: رزگاركردنه‌وه‌ى مووسڵ ئاسان نابێت

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان, رايگه‌ياند, "له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك, رزگاركردنه‌وه‌ى مووسڵ كارێكى ئاسان نابێت".

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان, پێشبينيكرد, "له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك, رزگاركردنه‌وه‌ى مووسڵ كارێكى ئاسان نابێت".

له‌ ديدارێكيدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى CNNى ئه‌مريكيدا, سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان, نێچيرڤان بارزانى, گوتى: "وانازانم شه‌ڕى رزگاركردنه‌وه‌ى مووسڵ كارێكى ئاسان بێت, ئه‌وه‌ى له‌ رومادى روويدا, سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌بوو بۆ سوپاى عێراق, به‌ڵام بارودۆخى مووسڵ زۆر ئاڵۆز و زه‌حمه‌ته".

بارزانى زياتر گوتى: ‌ "خه‌لافه‌تى داعش له‌ مووسڵ راگه‌ياندراوه‌, بۆيه‌ ئه‌و شاره‌ بۆ داعش زۆر گرنگه‌, هه‌روه‌ها بۆ ئێمه‌ش". ‌

نێچيرڤان بارزانى بۆچوونى خۆى سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارى سوپاى عێراق بۆ شه‌ڕى مووسڵ راگه‌ياند و گوتى: "دڵنيانيم تا شه‌ش مانگى تر سوپاى عێراق بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ ئاماده‌ ‌بێت".

روونيشيكرده‌وه‌, "به‌يارمه‌تى هاوپه‌يمانان به‌ تايبه‌تى ئه‌مريكا, توانيومانه‌ پاشه‌كشه‌ به‌ داعش بكه‌ين و هه‌موو ناوچه‌ كوردييه‌كان رزگاربكه‌ينه‌وه‌".

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان, ئاماژه‌ى به‌وه‌دا, "هه‌ندێك شوێنمان كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه‌, جێگاى گرنگى ئێمه‌ نين, وه‌ك به‌نداوى مووسڵ, به‌ڵام له‌ برى سوپاى عێراق ئه‌و كاره‌مان كردووه‌".