به‌ ڤیدیۆ.. كاندیدێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رگری له‌ كورد ده‌كات

وه‌ڵامی ترامپ ده‌داته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

كاندیدێكی كۆمارییه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، لەبارەی موسوڵمانەكانەوە رەخنەی له‌ یه‌كێك له‌ ركابه‌ره‌كانی گرت و گوتی: "كورده‌كانیش موسڵمانن و هاوپەیمانی ئەمه‌ریكان".

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، پێویستە ئەمه‌ریكا درێژە بە ھاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ باشووری كوردستان بدات.

دۆناڵد ترامپ، كاندیدێكی دیكە سەر بە كۆمارییه‌كانی ئەمریكایه‌ بۆ پۆستی سەرۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته‌، ناوبراو پێشتر داوایكردبوو رێگە به‌ موسڵمانان نه‌درێت بچنه‌ ناو خاكی ئه‌مه‌ریكا.

بە گوێرەی راپۆرتێكی "ریال پوڵیتیك"، جیب ده‌بڵیو بوش، كوڕی جۆرج هێربه‌رت وۆڵكه‌ر بوش سەرۆك كۆماری پێشووتری ئەمریكا، كە ئەویش كاندیدی كۆمارییه‌كانه‌ بۆ پۆستی سەرۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، لە گفتوگۆیەكی تەلەفزێونیدا و له‌ وه‌ڵامی ترامپدا گوت: "ده‌بوایه‌ دۆناڵد ترامپ به‌ لانی كه‌م، كورده‌كانی له‌ موسڵمانه‌كانی دیكه‌ جیاكردباوه‌، چونكه‌ ئه‌وانیش موسڵمانن و هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكان".

هه‌روه‌ها گوتیشی:"ئەو سیاسەتە رێگا لە دروستبوونی ھاوپەیمانی دەگرێت و لە ئێستادا كورده‌كان گرنگترین ھاوپەیمانی ئەمریكان و موسوڵمانیشن".

جیب بوش ده‌شپرسێت: "بە پێیی گوتەكانی ترامپ ئایا دەبێت رێگری لە ھاتنی كوردەكانیش بۆ ئەمریكا بكردرێت؟".