لە دھۆك واژوو بۆ پرسی رۆژئاوا كۆدەكرێتەوە

هلە كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە سنووری پارێزگای دھۆكه‌..

 K24- دھۆك:

لە كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان لە سنووری پارێزگای دھۆك، بە سەرپەشتی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا (ENKS) ھەڵمەتی كۆكردنەوەی واژوو دەستی پێكرد.

ئامانج له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌، ئامادەكاریيه‌ بۆ بەشداریكردن و دیاركردنی مافی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لە كۆنگرەی ژنێڤ 3، كه‌ بڕياره‌ له‌ 25ى ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت.

حەسەن عومەر، یەكێكە لە پەنابەرانی رۆژئاوا لە كەمپەكانی سنووری پارێزگای دھۆك بە كوردستان24،ی راگەیاند، "ئەو ھەلە بۆ كوردان ھاتووەتە پێش دەرفەتێكی زێڕینە، دەمانەوێت كورد ھەموو ببنە یەك دەنگ، بۆ ئەوەی بە كۆكردنەوەی واژۆ مافی كورد لە دوژمن بستێنین".

رێكخەری كۆكردنەوەی واژوو لە كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوا، دارا بەدر، بە كوردستان24ی گوت: "لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا ئەو ئاھەنگەمان بۆ ھەڵمەتی كۆكردنەوەی واژوو رێكخستووە، كە ئەوان یەك ملیۆن واژویان لە ئێمە دەوێت بۆ بە دەست ھێنانی مافی كورد".

ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سووریا كاوە عەزیز، بۆ كوردستان24، گوتی: "بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت دوای شەش مانگ حكومەتێك لە سووریا پێك بھێنرێت، دەمانەوێت كێشەی كورد لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەرببێت".

بڕیارە لە 25ی ئەم مانگەدا بۆ پێكھێنانی حكومەت لە سووریا، كۆنگرەی ژنێف سێ لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریادا لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەبچێت، ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا (ENKS) رایگەیاندووە بە كۆكردنەوەی یەك ملیۆن واژۆ دەتوانن مافەكانی كورد لەو كۆبوونەوەیەدا دیار بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش ھەڵمەتێكی بەرفراوان لە نێو كوردانی رۆژئاوا لە ھەموو جیھان دەستی پێكردووە و دەیانەوێت تا 25ی مانگ یەك ملیۆن واژو كۆبكەنەوە.