هادی عامریی: 70 داعشمان کوشت و 150 دیکەشمان بریندار کرد

"هێرشی داعش بۆ سەر تەل گسێبە لە سەڵاحەدین بووە شکستێک بۆیان"

K24:

هادی عامریی، سەرپەرشتیاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شیعە لە عێراق رایگەیاند هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەی تەل گسێبە لە پارێزگای سەڵاحەدین بووە شکستێک بۆیان و 70 داعشمان کوشت و 150 دیکەشمان بریندار کرد.

هادی عامریی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند: "دووژمن پەلاماری هێزەکانمانی دا لە ناوچەی تەل گسێبە بە ئاراستەی حەمرین، بە زیاتر لە 60 ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 16 ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو کە شۆفیڵیان تێدا بوو، ئێمەش ئامادەکارییەکانمان گونجاو نەبوون، چونکە تەنیا خاڵێکی چاودێریمان هەبوو بۆیە دووژمن توانی لە چەند ناوچەیەکەوە دزە بکات".

هادی عامریی کە هاوکات سکرتێری گشتیی رێکخراوی بەدرە لە عێراق گوتیشی: "هێزە چەکدارەکانی سوپای عێراق دژە تیرۆر و حەشدی شەعبیی و حەشدی پاڵەوانی ناوچەکە و پۆلیسی خۆجێی نەک تەنیا بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە، بگرە هێزە هێرشکەرەکەیان بە تەواوی لەناوبرد و ناوچەکە پاککرایەوە و چەکدارانی رێکخراوەکە نەیانتوانی رۆژێکیش لەو ناوچەیە بمێننەوە".

سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی ئاماژەشی کرد کە: "ژمارەی کوژراوانی رێکخراوەکە گەیشتە زیاتر لە 70 کوژراو و زیاتر لە 150 بریندار".

ئەمە لە کاتێکدایە رائید ئەلجبووریی، پارێزگاری سەڵاحەدین لە باکووری عێراق رایگەیاند پێنجشەممەی رابردوو 14/1/2016 رایگەیاند کە ناوچەی تەل گسێبە بە تەواوی رزگار کرا.