چارنووسی رێككەوتنامەی ئێران دیاریدەكرێت

بەمەبەستی دەستپێكردنی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ئێران و وڵاتانی 5+1 سەردانی ڤیینای پایتەختی نەمسایان كردووە.

K24 – ڤيه‌ننا:

وەزیری دەرەوی ئێران، محەممەد جەواد زەریف و شاندی ھاوڕێیی، ئەمڕۆ بەمەبەستی دەستپێكردنی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ئێران و وڵاتانی 5+1 سەردانی ڤیینای پایتەختی نەمسایان كردووە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی ھەواڵی (ئیرنا)، ئەندامانی شاندى دانووستانكاری ئێرانی پێكدێن لە: "بەڕێوەبەری رێكخراوی وزەی ناووكی ئێران، عەلی ئەكبر ساڵحی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، جێگری رێكخراوی وزەی  ناووكی ئێران، بەھروز كەمالوەندی و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حوسێن جەبار ئەنساری، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران".

ھاوكات وزیری دەرەوەی ئەمریكا، جۆن كێری بەشداری لە دانیشتنە سێ قۆڵییەكانی ڤیینادا دەكات.

بڕیارە راپۆرتی كۆتایی ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ناووكی سەبارە بە بەڵێنەكانی ئێران كە لە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەی ناووكییدا ھاتووە بڵاوبكرێتەوە.

ئێران و وڵاتانی 5+1( ئەمریكا، رووسیا، بریتانیا، چین، فەرەنسا و ئه‌ڵمانیا) رۆژى 14ى ته‌مموز/ يۆليۆى 2015، گەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی وزەی ناووكی.

لابردنی گه‌مارۆ ئابوورییەكان و جێبەجێكردنی بەڵێننامەی ئەنجوومەنی ئاسایش، پشتی بە شێوازی ھاوكاری ئێران لەگەڵ  پشكێنەران ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ناووكیی بەستووە.

بڕیارە وەزیری دەرەوه‌ی ئێران، محەممەد جەواد زەریف و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوی یەكێتی ئەورووپا، فێدریكا موگرینی، به‌یاننامەیەكی ھاوبەش دەركەن و لە بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بیخوێننەوە.