لە باكووری كوردستان شەڕ كار و گوزەرانی ھاوڵاتیان پەك دەخات

جگە لەوەی بێكاریی ھەیە نرخی شتومەك بەرزبووەتەوە
kurdistan24.net

K24 – ئامەد:

ھاوڵاتیانی باكووری كوردستان رایانگەیاند، بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانەوە كار و گوزەرانی نەماوە، جگە لەوەی بێكاری ھەیە نرخی شت مەك بەرزبووەتەوە، خەڵكی زۆر كەم لە بازاڕەكان شتومەك دەكڕێت.

محەمەد، گەنجێكی تازە پێگەیشتووی شاری ئامەدە لە باكووری كوردستان بە فرۆشتنی جل و بەرگ لەسەر عارەبانە، دەیەوێت ھاوكاری خێزانەكەی بكات لە دابین كردنی بژێوی ژیان، لە بارەی كاری رۆژانە و كڕیارانەوە بۆ كوردستان24، گوتی: "میللەت  ناتوانێ پارە پەیدا بكات و پارەكەی خەرج ناكات، لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستان نرخی شتومەك بەرز بووەتەوە، بە بەراورد بە ھاوین جیاوازی زۆر ھەیە لە نرخەكان".

شەڕ و كوشتن و قەدەغەكردنی ھاتووچۆ، لە لایەكی دیكەوە بێكاری، تەواو ژیانی خەڵكی لە باكووری كوردستان سەختر كردووە، ھاوڵاتیان سەرەڕای ئاستەنگەكانی ژیانی رۆژانەیان، خوازیارن شەڕ نەبێت گەر نرخی كەلوپەلیش لە بازاڕ گران بێت دەتوانن بژین، ژنێك كە لە بازاڕێكی شاری ئامەد سەرقاڵی كڕینی شتومەك بوو بۆ كوردستان24، رایگەیاند: "با ھەموو شت ھەبێت بەڵام مرۆڤ و گەنج نەكوژرێن، ئێمە تەنھا ئەوە دەخوازین".

شەڕ و ئاڵۆزییەكانی توركیا بە تایبەتی قەدەغەكردنی ھاتووچۆ و دەنگی تەقە لە شارو شارۆچكەكانی باكووری كوردستان، تەواو خەڵكی ھەراسان كردووە، وەك خۆیان باسی لێوە دەكەن تا دێت ژیان لەوێ سەختر دەبێت و ئەوان ئومێد دەخوازن شەڕ رابگیرێت، چی دیكە خەڵكی نەكوژرێت، بۆ ئەوەی لەسەر كار و گوزەرانی رۆژانەیان بەردەوام بن، دوور لە بینی تەرمی ھاونیشتمانیان و داخستنی شەقام و كۆڵانی شارەكان.