رووحانی: رێككەوتنی ناووكی لاپەڕەیەكی زێڕینی لە پەیوەندییەكانماندا كردەوە

"پیلان و دوژمنایەتی نەیارانمان تێپەڕاند"

K24 - ئێران:

سەرۆك كۆماری ئێران، حەسەن رووحانی دوای راگەیاندنی بەیاننامەی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ناووكی پەیامێكی ئاراستەی ھاووڵاتیانی ئێرانی كرد و گوتی: "ئێران وەرزێكی نوێیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیدا كردووەتەوە".

سەرۆك كۆماری ئێران بە بۆنەی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 گوتی: "ئێمە دەستی دۆستایەتیمان بۆ جیھان درێژ كردووە و پیلان و دوژمنایەتی وڵاتانی نەیارمان تێپەڕاند، ئێستاش وەرزێكی نوێمان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانماندا دەستپێكردووە".

رووحانی گوتیشی: "بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ناووكی ئێران توانی لێواری مەترسیداری ئابووریی تێپەڕێنێت، بەڵام رێككاری نیشتمانی ئێمە لە بواری ئابوورییدا، ھەروا رێكاری خۆڕاگرییە".

رووحانی ئاماژەی بەوەشكردووە، "خۆڕاگریی ئابووریی ئێران لەگەڵ ئابووریی جیھان لە پەیوەندیی دادەبێت و ئەوەش سەربڵندی و سەركەوتنی بەدواوە دێت".

لەو بەیاننامەیەدا ھاتووە، وڵاتانی چین، فەره‌نسا، ئەڵمانیا، بریتانیا، ويلايه‌ته‌ یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئێرانیش بەڵێنیانداوە، لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا، بۆ بەرھەمھێنانی وزەی ناووكی لەپێناو چالاكی ئاشتیانە ھاوكاری یەكتر بن.

سەرۆك كۆماری ئێران زیاتر گوتی: "سەركەوتنی ناووكی بۆ ئێران لە سەرووی خواستی لایەنەكانە و زیان بە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێك ناگەیەنێت".

وەزیری دەرەوی ئێران، محەممەد جەواد زەریف و فێدریكا موگرینی، بەرپرسی په‌يوه‌ندى و سیاسەتی ده‌ره‌وه‌ى یەكێتی ئەورووپا، شه‌وى رابردوو، بەیاننامەیەكی ھاوبەشیان خوێندەوە و دەستپێكی جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 راگەیاند.