بارسێلۆنا نیو ده‌رزه‌ن گۆڵی له بلباو كرد
K24 ـ هه‌ولێر
یانه‌ی بارسێلۆنا له یاریگه‌ی كامپ ن‌و میوانداریی یانه‌ی ئاتڵێتیك بلباوی كرد و به بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره وڵامی ریال مه‌دریدی دایه‌وه و سوارێزیش هاتریكی تۆمار كرد و كریستیانۆشی له لوتكه‌ی گۆڵكارانی خوله‌كه هێنایه خواره‌وه.
له خوله‌كی 4ـی یارییه‌كه سوارێز هێرشبه‌ری ئۆرگوایی یانه‌ی بارسا خۆی خزانده نێو هێڵی سزای تیپی به‌رانبه‌ر و به توندی له لایه‌ن ئیرایزۆز مۆرینهۆی گۆڵپارێزی ئاتڵێتیك بلباوه‌وه خرایه خواره‌وه، دادوه‌ری یارییه‌كه‌یش كارتی سووری به ڕووی گۆڵپارێزی بلباو به‌رز كرده‌وه و لێدانی سزاشی له‌سه‌ر هه‌ژمار كردن، لیۆنێل مێسی ـیش به سه‌ركه‌وتوویی لێدانه سزایه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرد.
له خوله‌كی 31ـی یارییه‌كه‌یشدا نیێماری به‌رازیلی گۆڵی دووه‌میشی بۆ یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه زیاد كرد.
له نیوه‌ی دووه‌می یارییه‌كه‌دا زنجیره‌ی گۆڵه‌كانی یانه‌ی بارسا به‌رده‌وامی هه‌بوو، هه‌ر زوو له خوله‌كی 47 سوارێز گۆڵی سێیه‌می تۆمار كرد، پاشان له خوله‌كی 62 ئیڤان راكیتیچ له ئه‌سیستێكی جوانی نێیمار گۆڵی چواره‌می تۆمار كرد.
له خوله‌كی 68 و 82 سوارێز دوو تۆپی دیكه‌ی له تۆڕی بلباو گیر كرد و هاتریكی تۆمار كرد، به‌مه‌یش ئه‌و یاریزانه كۆی گۆڵه‌كانی بۆ 18 گۆڵ به‌رز كرده‌وه و له لوتكه‌ی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی گرته‌وه، نێیماری هاوڕێشی به 16 گۆڵ هاته‌وه خانه‌ی دووه‌می گۆڵكارانی لالیگا.
یانه‌ی بارسێلۆنا به 45 خاڵ هاته‌وه خانه‌ی دووه‌می ریزبه‌ندییه‌كه، به جیاوازی 2 خاڵ له یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌دریدی پێشه‌نگ دووره‌وه، كه ئه‌مه‌ی دووه‌میان ئه‌ویش به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام له یانه‌ی لاس پاڵماسی برده‌وه.