لە شرناخ سێ پۆلیس کوژران و 4ی دیکەش برینداربوون
K24- شرناخ:
لە ناوچەی ھەزەخی سەر بە شاری شرناخ لە باكووری كوردستان، بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی ھێزەكانی پۆلیسدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا 3 پۆلیس كوژران و 4ی دیكەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (كوردستان24) كاتژمێر 11:30 شەوی رابردوو لە ناوچەی ھەزەخی سەر بە شاری شرناخ لە باكووری كوردستان، بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا 3 پۆلیس كوژران و 4ی دیكەش برینداربوون و لە لایەن تیمەكانی فریاكەوتنی تەندروستی بە ئەمبولانس گەیەنرانە نەخۆشخانە.
ھەر لە شەوی رابردوودا ھێرش كرایە سەر فەرماندەی جەندرمەكانی توركیا لە ھەزەخ و شەڕ لە نێوان چەكدارانی نزیك لە پەكەكە و ھێزەكانی ئەمنی دروست بوو، ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمێل و زرێپۆشی ھێزە ئەمنییەكانی توركیا لە ناوچەی جزیرە بۆ ناوچەی ھەزەخ گواسترانەوە بۆ بەھانەوە چوونی ھێزەكانیان لەو شەڕەدا.
ماوەیەكە شەڕ لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان و یەكینەكانی پاراستنی سڤیل بە چڕی لە ناو شارەكانی باكووری كوردستان بەردەوامە، جگە لەوەی رۆژانە كوژرا و بریندار لە ھەردوولادا ھەیە.