تەقینەوەیەك لە قوتابخانەیەكی باكووری كوردستان روویدا

ژمارەیەك خوێندكار بەھۆی تەقینەوەكە برینداربوون
kurdistan24.net

K24 – كلیس:

لە قوتابخانەی ئەیوب گۆكچە لە شاری  کلیسی باکووری کوردستان، تەقینەوەیەك روویدا و بووە هۆی برینداربوونی چەند خوێندكارێك.

 بە گوێرەی زانیارییەكانی (كوردستان24) كاتژمێر 9:30 بەیانی ئەمڕۆ لە تەقینەوەیەك لە قوتابخانەی ئەیوب گۆكچە لە شاری  کلیسی باکووری کوردستان روویدا، زانیارییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن، كە چوار خوێندكار بەھۆی تەقینەوەكە برینداربوونە و لە لایەن كارمەندانی فریاكەوتنی تەندروستی شارەكە گەیاندراونەتە نەخۆشخانە.

سولەیمان تاپسز، پارێزگاری کلیس سەردانی شوێنی رووداوەكەی كرد، هاوکات حەسەن قەرە، سەرۆکی شارەوانیی کلیس رایگەیاند کە: تەقینەوەکە بەهۆی گوللـە هاوەنێک بووە کە بەسەر قوتابخانەکەدا کەوتووە.

تا ئێستا دامودەزگاكانی ئەو شارە زانیاریی دیکەیان لەبارەی تەقینەوەکە رانەگەیاندووە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە. بەڵام بە گوێرەی میدیای تورکیا گوللـە هاوەنەکە لە سووریاوە ئاراستەی تورکیا کراوە.

بەھۆی شەڕو ئاڵۆزییەكانەوە ماوەیکە رەوشی ئەمنیی توركیا بە بارودۆخێكی خراپ تێدەپەڕێ، لەم مانگەدا چەند تەقینەوەیەك لە شار و شارۆچكەكانی توركیا و باكووری كوردستان روویانداوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان