ژنه هونه‌رمه‌ندێكى كورد ئۆپێرای رووسيا ده‌هه‌ژێنێت
K24 – مۆسكۆ:
ژنه هونه‌رمه‌ندی كوردی رووسیا، سڤێتلانه كه‌سیان، ئه‌ستێره‌ی ئۆپێرای رووسیا و جیهان، له میانه‌ی به‌شداریكردنی له فێستیڤاڵێك له ماڵی موزیكی شاری مۆسكۆ، ئاماده‌بووانی سه‌رسام كرد.
سڤێتلانه له شاری باتومی گورجستان له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ردۆست له دایك بووه و له كه‌نسێرڤاتۆری چایكۆڤسكی مۆسكۆ خوێندویه‌تی.
ناوبراو سترانبێژ و ژه‌نیاری به‌ناوبانگی به‌لشۆی تیاتره. یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین سترانبێژی ئۆپێرای روسیا، به چڕینی چه‌ند گۆرانیه‌كی ئۆپێرا له شه‌شه‌مین فێستیڤاڵی موزیكی پیرۆز له شاری مۆسكۆ، ئاماده‌بووانی سه‌رسام و خۆشحاڵ كرد.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان ٢٤ سڤێتلانه خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی، كه یه‌كه‌مینجاره راگه‌یاندنی كوردی روماڵی كاره هونه‌رییه‌كانی ده‌كات.
ئه‌و گوتى: "ئه‌وه باشترین و سه‌رنجڕاكێشترین و سه‌خترین كاری هونه‌ری بوو، كه ئێمه خستمانه فێستیڤاڵی موزیكی، خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كان به لاتینی بوون، بۆیه‌ش قوڵ و دراماتیكی بوون".
ده‌نگ و سه‌دای سڤێتلانه به‌جۆرێك سه‌رنجی ئاماده‌بووانی به‌لای خۆیدا راكێشابوو، كه هۆڵه‌كه كپ و خامۆش به‌دیده‌كرا، هه‌رچه‌نده سڤێتلانه كۆتایی به سترانه‌كه‌ی هێنا، به‌ڵام جۆش و خرۆشی هه‌واداران تا ده‌هات گه‌رمتر ده‌بوو.
به‌شداربووی فێستیڤاڵه‌كه، گوتى: "ئه‌وه خۆشترین ساتی ژیانی من بوو، هیچ كات ناخۆشیه‌كان نابنه كۆسپ له‌به‌رده‌مم، به‌دڵنیایه‌وه دێم بۆ ئه‌و كۆنسێرته، چونكه ئاسوده‌م ده‌كات".
يه‌كێكى ديكه له به‌شداربووان بۆ كوردستان 24، گوتى: "ئێواره‌یه‌كی ده‌گمه‌نه، زۆر سوپاس بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان ره‌خساند".
زه‌رینه سارۆخینه، كچێكى كورده و له رووسيا ده‌ژييت و ئاماده‌ى فێستيڤاڵه‌كه بووه و ئه‌و بۆ كوردستان 24، گوتى: "زۆر شانازی ده‌كه‌م به‌وه‌وه به‌هه‌ر كه‌سێك له نه‌ته‌وه‌كه‌م كه رۆڵ ده‌بینێ له هه‌ر بوارێكدا و خزمه‌تێك پێشكه‌ش ده‌كات، زۆر دڵخۆشم به به‌شداربوون له‌م جۆره چالاكیانه‌دا".
سڤێتلانه كه‌سیان، ژه‌نیاری به‌لشۆی تیاتری مۆسكۆیه، له ژیانی هونه‌ری خۆیدا خاوه‌نی ده‌یان به‌رهه‌م و كاری هونه‌ری و براوه‌ی چه‌ندین خه‌ڵات و پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تيیه، له‌هه‌مانكاتدا له باشترین تیاتره جیهانیيه‌كان ده‌چڕێ و هه‌وادارانی سه‌رمه‌ست ده‌كات.