فوئاد حوسێن: سەردانەكەمان بۆ ئەمریكا ئەرێنی بوو

فەلاح مستەفا: داوای خەرجی شەڕمان لە ئەمریكا كردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، شیكردنەوەی بارودۆخەكە بۆ بەرپرسانی ئەمریكا كاریگەری ھەبووە و ئەرێنی بوو، لەو بڕوایەدام دوای لێكۆڵینەوە ئەمریكیەكان وەڵامی ئەرێنی ھەرێمی كوردستان دەدەنەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان24، لە بارەی ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانای ئەمریكا فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "خەڵكێكی زۆرمان بینی لە كۆنگرێس ھەموو لایەنەكانمان بینی ھەموو لایەك پشتگیری لە ھەرێمی كوردستان دەكەن، ئەو سیاسەتەی كە لە ھەرێمی كوردستان ھەیە ئەوان پێیان باشە سیاسەتێكی كراوەیە و پەنابەرانی عێراق و دەوروبەری لە خۆ گرتووە".

گوتیشی: "بۆمان شیكردنەوە كە ئەو قەیرانە لە كوێوە و بەھۆی چیەوە دروست بووە، چۆن و كەی دەتوانن شتێكمان بۆ بكەن، دوای ئەو شیكردنەوە بە بڕوای من كاریگەریەكی ئەرێنی ھەبوو لای ئەوان و بەجدی وەردەگرن و لە پەیوەندی دەبن لەگەڵمان ھیوادارم بە زووترین كات بتوانن یارمەتی پێشمەرگە بدەن".

لە بارەی پێدانی بەڵێنی ھاوكاری لە لایەن ئەمریكییەكانەوە فواد حوسێن،  گوتی: ئەوان ئاگاداری بارودۆخەكەن بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ئەوانەوە ھەیە، بە بڕوای من دیراسەی دەكەن و دوای ئەوە وەڵامێكی ئەرێنیمان دەدەنەوە".

ھەر لە بارەی ئەو سەردانە فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەروەی ھەرێمی كوردستان كە ئەندامی شاندەكە بوو بۆ ئەمریكا بە (كوردستان24)ی گوت: "داوای پشتیوانی سەربازیی و ئابووریی و مرۆیمان لە ئەمریكا كردووە، ئەمریكا كە سەرۆكایەتی ھاوپەیمانی وڵاتان دەكات ئاگاداری بارودۆخەكەیە. ئەوان ستایشی ھێزی پێشمەرگە دەكەن لەو رۆڵە قارەمانەی بینیویەتی، ھەروەھا ستایشی ھەڵوێستی خەڵكی كوردستان بۆ كردنەوەی دەرگا بۆ پەنابەران كردو ئەوان ئاگاداری ھەموو ئەو بارودۆخەی ھەرێمی كوردستانن".

فەلاح مستەفا، راشگەیاند: "زۆر بە پوختی داوامان كرد ھەرێمی كوردستان پێویستی بە پشتیوانی ئەوانە نەك ھەر تەنھا لە دابینكردنی چەك و تەقەمەنی، بەڵكو لە رووی دابینكردنی خەرجییەكانی ئەو شەڕە كە بارێكی قورسی خستووەتە سەر كوردستان".

بە مەبەستی بە دەستھێنانی پشتیوانی زیاتری ئەمریكا لە بواری سەربازی و ئابووریی و مرۆیی، ھەفتەی رابردوو شاندێكی ھەرێمی كوردستان شاندێكی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایان كرد، لەو سەردانەدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا كۆبوونەتەوە و تاوتوێی بارودۆخی ھەرێمی كوردستانیان كردووە.