دیداری سینەمای دژی تیرۆر لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت

ئەو فیلمانەی نمایش دەكرێن گوزارشت لە تاوان وكۆمەڵكوژی دەكەن

K24 - ھەولێر:

بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوو دیداری سینەمای نێودەوڵەتی دژی تیرۆر لە ھەولێر بەڕێوەبچێت.

لەیلا مەجیدی، ئەكتەری بواری سینەما و شانۆ بە ماڵپەڕی كوردستان24،ی راگەیاند: "بڕیارە لە 1ی شوباتی، بە بەشداری چەندین كورتە فیلمی كوردی و جیھانی دیداری سینەمای نێودەوڵەتی لە ھەولێر بەڕێوەبچێت".

لە بارەی رێكخەر وسەرپەرشتیارانی دیدارەكە لەیلا گوتی: "ئەو دیدارە لە لایەن كۆمەڵێك سینەماكار و كۆمپانیایەكی ھونەریەوە رێك دەخرێت".

گوتیشی: "ئەو فیلمانەی لە دیدارەكە نمایش دەكرێن گوزارشت لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە لایەن رێكخراوە تیرۆریستیەكان و ھەروەھا رەتكردنەەی تیرۆر دەكەن لە كۆمەڵگەدا".

بەڕێوەچوونی دیداری سینەمای نێودەوڵەتی دژی تیرۆر لە شاری ھەولێر، لە كاتێكدایە كە تیرۆر لە عێراق و ناوچەكە و جیھان بە گشتی بووەتە مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی، ھونەرمەندانی بەشداربوو لەو دیدارەدا دەیانەوێت لە رێگەی پیشەكەیانەوە و بە زمانی ھونەری دژی تیرۆر بدوێن و لە دژی بوەستنەوە.