ئەفسەرێك لە کەرکووك رفێندرا

"شوێنی خوێن لە ماڵەکەی رفێندراوەکە کەوتووە"

K24

پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەکان لە کەرکووك رایگەیاند ئەمڕۆ لە گەرەکی 11 ئادار لە شاری کەرکووك ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوجوانانی کەرکووك لە لایەن چەند نەناسراوێکەوە رفێندرا.

عەقید رەزوان، بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانەکان لە کەرکووك بە (کوردستان 24)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە گەرەکی 11 ئادار لە شاری کەرکووك رائید موئەیەد عامد، کە ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوجوانانە لە کەرکووك لە لایەن چەند نەناسراوێکەوە رفێندرا".

بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانەکان لە کەرکووك گوتیشی: "تەنیا شوێنی خوێن لە ماڵەکەی رفێندراوەکە کەوتووە و رفێنەرەکان جگە لەو ئەفسەرە کەسی دیکەیان لە ماڵەکەیدا نەرفاندووە و هیچیشیان نەبردووە".

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەیەکە رووداوی رفاندن لە پارێزگای کەرکووك سەریهەڵداوە و بووەنەتە مژاری باسی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووك.