سه‌روه‌ت و سامانی 1% ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كان له‌ هی 99% دانیشتوانی جیهان زیاتره‌

"ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كانی جیهان كه‌ رێژه‌ی 1% پێكدێنن له‌ 2015 كۆیان كردووه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌روه‌ت و سامانی 99% دانیشتوانی هه‌موو جیهان زیاتره‌".

K24 – هه‌ولێر:

رێكخراوی "ئۆكسفام"ی نا حكوومی به‌ریتانی رایگه‌یاند، "ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كانی جیهان كه‌ رێژه‌ی 1% پێكدێنن له‌ 2015 كۆیان كردووه‌ته‌وه‌،  له‌ سه‌روه‌ت و سامانی 99% دانیشتوانی هه‌موو جیهان زیاتره‌".

رێكخراوی "ئۆكسفام"، روونیكرده‌وه‌، "له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 21، نیوه‌ی هه‌ژارترینی مرۆڤایه‌تی، رێژه‌ی كه‌متر له‌ 1% سه‌روه‌ت و سامانی زیاده‌یان كۆكردووه‌ته‌وه‌".

رێكخراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی گوت، "له‌ 1% ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كانی جیهان، به‌ ته‌نیان خۆیان نیوه‌كه‌ی تری زیاده‌ی سه‌روه‌ت و سامانی جیهانیان ده‌ستكه‌وتووه‌‌‌".   

ئه‌و رێكخراوه‌ راپۆرتێكی به‌ناونیشانی، "ئابووری له‌ خزمه‌تی 1%" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، "له‌ 12 مانگی رابردوودا، جیاوازیی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كان، له‌گه‌ڵ دانیشتوانه‌كه‌ی دیكه‌ی هه‌موو جیهاندا زۆر قووڵبووه‌ته‌وه‌ و زیاتربووه‌".

 راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "رێكخراوی (ئۆكسفام) پێشبینی كردبوو، ئه‌و جیاوازییه‌ زۆره‌ی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ندترینه‌كان و دانیشتوانی دیكه‌ی جیهان، له‌ 2016 رووبدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ 2015 روویدا". 

راپۆرتی رێكخراوی "ئۆكسفام"، نموونه‌یه‌كی هێناوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، "62 كه‌س له‌ جیهاندا، به‌ قه‌د نیوه‌ی هه‌ژارترینه‌كانی هه‌موو جیهان سه‌روه‌ت و سامانیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا پێش 5 ساڵ، ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ ژماره‌یان 388 كه‌س بووه‌".

ئه‌و رێكخراوه‌، راپۆرته‌كه‌ی له‌ سه‌رووبه‌ندی نزیكبوونه‌وه‌ی گرێدانی كۆڕبه‌ندی ئابووری له‌ داڤۆس، ئاماده‌كردووه‌، بۆیه‌ داوای له‌و كۆڕبه‌نده ‌كرد، "كار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ بكات".   

 

سه‌رچاوه‌: جه‌زیره‌ له‌ AFP