ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ ده‌کرێته‌وه‌

"دەبێتە پاڵپشتی پێشمەرگە و زانیاری دروست بە خەڵكی كوردستان دەدات"

K24-ھەولێر:

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی و لاوانی ‌‌‌حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ کۆبوونه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێککه‌وتوون، رادیۆی ده‌نگی پێشمه‌رگه‌ دامەزرێنن‌.

هه‌ڵگورد جوندیانی، به‌رێوه‌به‌ری گشتیی راگەیاندنی وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی به‌ ماڵپه‌ڕی (کوردستان24)ی راگه‌یاند: "بیرۆكەی كردنەوەی رادیۆی دەنگی پێشمەرگە، لە ساڵی 2014وە پێشنیارمان كردووە، بەڵام ئەو كات وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی دەرنەبڕی، دوێنێ لەگەڵ ھەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەو بابەتە كۆبووینەوە و بڕیارماندا رادیۆی دەنگی پێشمەرگە بكەینەوە".

گوتیشی: "رادیۆكە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتیی دەكرێت، بۆ دابینكردنی كەلوپەلی پەخش و تاوەر و ستۆدیۆ و راھێنان بۆ كارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە ھاوكاریان دەبین، ھەموو ئەو شتانەی پێویستن بۆ كردنەوەی رادیۆ لە كۆگاكانی ئێمەدا ھەیە و ھیچ پارەیەكەی زیادمان خەرج نەكردووە، لە ھەموو روویەكەوە پشتیوان و ھاوكاریی پڕۆژەكە دەكەین تا ئەو كاتەی وەزارەتی پێشمەرگە بڕیار دەدات رادیۆكە بباتەوە ناو وەزارەت و خۆیان بەڕێوەی ببەن".

ھەڵگورد جوندیانی راشیگەیاند: "ئومێد دەكەین ئەو رادیۆیە رۆڵی كاریگەری ھەبێت لە تێكشكاندنی دووژمنان و ببێتە پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگە و ھەروەھا زانیاریی دروست بدات بە خەڵكی كوردستان و لە ئاستێكی بەرز دابێت".

لە بارەی وادەی كردنەوەی رادیۆكە گوتی: "لە ئەمڕۆوە لە رووی گۆڕینەوەی نووسرا و لایەنی یاساییەوە، لە نێوان ئێمە و وەزارەتی پێشمەرگە پڕۆژەكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ھیوادارم رۆتین و ئەو شتانەی ھەمیشە كارەكانمان دوا دەخات نەبێتە ھۆكار بۆ دواخستنی كردنەوەی رادیۆی دەنگی پێشمەرگە".

كردنەوەی رادیۆیی دەنگی پێشمەرگە لە كاتێكدایە، ھێزی پێشمەرگە لە رووبەڕوو بونەوەدایە لەگەڵ چەكدارانی داعش، بەرگریی لە گەل و نیشتمان دەكات، مەبەست لە كردنەوەی رادیۆكە گواستنەوەی زانیاریی دروستی بەرەكانی شەڕ و پشتیوانیی مەعنەوییە بۆ پێشمەرگە.