گۆڕان: پشتیوانی ناڕەزایەتییەكان دەكەین

"ناڕەزایەتی باشترین رێگەچارەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان"
kurdistan24.net

K24- سلێمانی:

گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكان دەكەن و ناڕەزایەتی بە باشترین رێگەچارە دەزانن  بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مەكۆی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ رایگەیاند: "ئێمە وەك ھێزێكی مەدەنیی پشتیوانیی تەواو لە داواكاررییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەین بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان، ئیدانەی بڕینی نیو مووچە و بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران دەكەین".

شۆرش حاجی گوتیشی: "پشتیوانی لە شێوازی شارستانی و ئاشتیانەی دەربڕینی ناڕەزایەتیەكانیان دەكەین، پێمانوایە شێوازی مەدەنیانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی باشترین رێگەچارەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان، لە بەرامبەردا دەسەڵات بەرپرسە لە ھەر پێشھاتێك كە لە ئایندە رووبدات، ئەگەر بەدەنگ داواكارییەكانی خەڵكەوە نەچن و رێگە چارەیەك بۆ دەرچوون لەم قەیرانە داراییە نەدۆزنەوە".

گوتەبێژی گۆڕان ئاماژەشی کرد کە: "ئەمڕۆ گەلەكەمان بە ھەلومەرجێكی دژواردا تێدەپەڕێت زێدەڕۆیی نییە گەر بڵێم لە دوای راپەڕین و كۆڕەوی ساڵی 1991ە وە، جگە لە شەڕی ناوخۆ ھیچ كاتێك بارودۆخی ھەرێمی كوردستان وەك ئێستا خراپ نەبووە".

شۆڕش حاجی راشیگەیاند: "بارودۆخی دارایی و ئابووریی لەو پەڕی خراپیدایە ئەوەندە بەسە بڵێین بۆ پێنج مانگە مووچەی فەرمانبەران نەدراوە كە سادەترین مافی فەرمانبەرانە، پڕۆژە و كار و كاسبی لە ناو بازاڕ تا ئەندازەیەك وەستاوە، بارودۆخی كارەبا و تەندروستیی و رێگاوبان لە خراپ بەرە و خراپتر دەچێت، ئەگەرچی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و بە دەنگەوە نەھاتنی حكوومەتی بەغدا بۆ داواكارییەكانی ھەرێمی كوردستان، تا ئەندازەیەك كاریگەریان لە سەر ئابووریی ھەرێم جێھێشتووە، بەڵام ھۆی سەرەكی ئەو قەیرانە داراییە سیاسەتی ئابووریی و نەوتی ھەڵەی كەڵەكە بووی دەسەڵاتە لە ھەرێمی كوردستان".