یەکێتی: لەگەڵ پارتی گەیشتينه‌ قۆناغى كۆتايى

"سەرەنجام گەیشتینە لێكترازان لە ناو پەرلەمان‌ و دووركەوتنەوەش لە هەڵوێستی هاوبەش"

K24 - سلێمانى:

رۆژنامەی کوردستانی نوێ زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ده‌قی نه‌خشه‌ڕێگەی په‌یوه‌ندیی یەکێتی له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا یەکێتی دەڵێ:‌ هاوپەیمانیی ستراتیژیمان لەگەڵ پارتی گەیشتە كۆتایی قۆناغ.

لە نه‌خشه‌ڕێگەی په‌یوه‌ندیی یەکێتی له‌گه‌ڵ پارتی، کە رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: "هاوپەیمانی ستراتیژی، گەیشتە كۆتایی قۆناغ، بەهۆی هاوپەیمانێتیەكەشەوە، سەركەوتن‌ و پێشكەوتنی زۆر، لەسەر ئاستی كوردستان، عێراق، ناوچەكەو جیهان، بەدیهاتوون. بەڵام لەقۆناغی نوێی ئێستادا، كە لەدوای بەناو بەهاری عەرەبی (5) ساڵە سەریهەڵداوەو لەسەرهەڵدانی داعشیشەوە، لەڕووی بابەتییەوە جیاوازی هەردوو قۆناغەكە باشتر دەركەوت".

دەشڵێ: "بەڵام قوڵبوونی كێشە ناوخۆییەكانی هێزە كوردستانیەكان بەگشتی ‌و نێوان یەكێتی ‌و پارتی بەتایبەتی، هاوكاتی بەدینەهێنانی گۆڕانكاری بنچینەیی لە سیستەمی حوكمڕانی؛ ژێرخانی ئابووری؛ فرەبوونی گەندەڵی؛ داشكانی نرخی نەوت، قەیرانی ئابوری هێنایە ئاراوەو تێكڕا واشیان كرد، جیاوازی نێوانمان پەرەبسەنن. سەرەنجام گەیشتینە لێكترازان لەناو پەرلەمان‌و دووركەوتنەوەش لەهەڵوێستی هاوبەش، لەسەر هەموو ئاستەكان".

دەقی نەخشە رێگەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

بنچینەكانی پەیوەندی یەكێتی‌ - پارتی لەقۆناغی نوێی سیاسیدا

هه‌ڤاڵانی‌ به‌رێزی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ پارتی‌ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌

سڵاوێكی‌ گه‌رم..

لەبەر رۆشنایی دواگفتوگۆی وەفدی باڵای یەكێتی ‌و پارتی، سەبارەت بەپێشنیازەكانمان، لەكۆبونەوەی (22/11/2015) كە باسكردنەوەیان بەگرنگ دەزانین:

1- پەیوەندی نوێی لەمەودوای یەكێتی‌ و پارتی.

2- چۆنیەتی دۆزینەوەی سازانی سیاسی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، چارەسەری گونجاو بۆ كێشەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەتی كاراتری بنكەفراوان‌و رێكەوتنەوەی لایەنە سیاسییەكان.

3- كێشەكانی هەرێم‌و بەغداد.. هەمەلایەنە: نەوت، دەستوور، بودجە، موچە، سیاسی، ئەمنی، مادەی (140)، شەڕی داعش، حەشدی شەعبی‌و چۆنیەتی حوكمڕانی هاوسەنگی پێكهاتەكان.

4- پەیوەندی تەندروستی هەرێم‌و بەشەكانی كوردستان، چارەسەركردنی كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانیان.

5- هاتنی روسیا؛ گۆڕینی هاوكێشەكان؛ ئەگەرەكانی دوای جەنگی داعش، دەستەبەری مافە دیموكراسییەكانی نەتەوەی كورد لەناوچەكەدا.

لەم بنچینەنامەیەدا، كە خۆشبەختانە، لەكۆبونەوەكەدا، دوای مشتوماڵكردنیان وەكو پرنسیپ پەسەندكران. لامان مەبەستە، پیشنیازەكان لەدوو بەشدا، رێوشوێنیان داڕێژین:

یەكەم: پەیوەندی نوێی یەكێتی‌و پارتی، دوای قۆناغی هاوپەیمانی ستراتیژی نێوانمان.

دووەم: لێكتێگەیشتن‌و چارەسەركردنی تێكڕای كێشە چارەنوسسازەكان لەعێراق، پەرلەمان، حكومەتی هەرێم، بەشەكانی كوردستان‌و ناوچەكەدا.

یەكەم

پەیوەندی نوێی یەكێتی‌و پارتی

هاوپەیمانی ستراتیژی، گەیشتە كۆتایی قۆناغ، بەهۆی هاوپەیمانێتیەكەشەوە، سەركەوتن‌و پێشكەوتنی زۆر، لەسەر ئاستی كوردستان، عێراق، ناوچەكەو جیهان، بەدیهاتوون. بەڵام:

لەقۆناغی نوێی ئێستادا، كە لەدوای بەناو بەهاری عەرەبی (5) ساڵە سەریهەڵداوەو لەسەرهەڵدانی داعشیشەوە، لەڕووی بابەتییەوە جیاوازی هەردوو قۆناغەكە باشتر دەركەوت. بەڵام قوڵبوونی كێشە ناوخۆییەكانی هێزە كوردستانیەكان بەگشتی‌و نێوان یەكێتی‌و پارتی بەتایبەتی، هاوكاتی بەدینەهێنانی گۆڕانكاری بنچینەیی لە: سیستەمی حوكمڕانی؛ ژێرخانی ئابووری؛ فرەبوونی گەندەڵی؛ داشكانی نرخی نەوت، قەیرانی ئابوری هێنایەئاراوەو تێكڕا واشیان كرد، جیاوازی نێوانمان پەرەبسەنن. سەرەنجام گەیشتینە لێكترازان لەناو پەرلەمان‌و دووركەوتنەوەش لەهەڵوێستی هاوبەش، لەسەر هەموو ئاستەكان.

بۆئەوەی رێگەبگرین كێشە چارەسەرنەكراوەكانی نێوانمان بگەنە بنبەست‌و بنچینەی نوێ بۆ قۆناغی نوێی نێوانیشمان دابنێین‌و متمانەش بگێڕینەوە، ئەم بنچینانە، بۆ رێكەوتن دەخەینە بەردەستی بەڕێزتان. كە بەڕێكەوتن لەسەریان‌و، دیاریكردنی ماوەی بەدیهێنانیان، نەك پەیوەندیەكان ئاسایی دەكەنەوە، بەڵكو بەرزیشی دەكەن بۆ راپەڕاندنی ئەركە هاوبەشەكانمان.

بەهەڵسەنگاندنی ئێمە، بنچینەكانی قۆناغی نوێی نێوانمان ئەم بابەتانەی خوارەوەن:

1- بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی ئابوری هاوبەش، لەناو حكومەت، بەپەسەندی پەرلەمان، لەسەر بنەمای شەفافیەتی راستەقینە. ئەم ئامانجە ئابورییانەش مەحاڵە بێنەدی، بەبێ‌ پرۆژەی ستراتیژی ژێرخانی ئابوری‌و سیستەمی بانكی پەرەسەندوو، گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی. سیستەم گۆڕین، لەهەموو ئامانجێكی تر، تەنانەت لەهەڵبژاردنیش بۆ دۆخەكە گرنگترە. سیستەمی حوكمڕانی نەگۆڕین، لەناو بازنەیەكی داخراودا دەسوڕێینەوە.

2- دەسەڵاتی تەنفیزی راستەقینەی هاوبەش، لەناو هەموو جومگەو بڕگەی حوكمڕانی هاوچەرخ.. چ لەناوخۆو چ لەدەرەوەدا. ئەمیش لەڕێگەی پسپۆڕو سەركردەی شارەزاوە.

3- رێكەوتن لەسەر پڕۆژەی سیاسەتی دەرەكی هاوبەش، لەسەر ئاستی جەمسەرەكانی جیهان‌و ناوچەكەدا. پۆلێنكردنی ئەم جەمسەرو دەوڵەتانەش، بەپێی رادەی پشتیوانیكردنی ئەزمونەكەمان‌و هاوكاریكردنی لەهەموو بارێكەوە.

4- بەداوودەزگاكردنی سەرۆكایەتی هەرێم‌و بەشداریكردنی راستەقینەی جێگری سەرۆكی هەرێم‌و پۆستەكانی تری سەرۆكایەتی، كە رەنگدانەوەی ئەركەكانی قۆناغە نوێكەی پەیوەندیمان‌و ئەزمونە دیموكراسیەكەمان بێ‌.

5- پەیكەرەی وەزارەتی داد داڕێژرێتەوەو تەواوی جومگەكانی وردتر ساغبكەینەوەو سەربەخۆیی دادگا بچەسپێ‌.

6- رێكەوتن لەسەر فەلسەفەی حوكمڕانی هاوچەرخ (دیموكراسی، عەلمانی، مەدەنی)ی لەسەر بنەمای دەستاودەستكردنی دەسەڵات كە:

- حزبی براوەی یەكەم؛ سەرۆكایەتی هەرێمی بەربكەوێ‌.

- حزبی براوەی دووەم؛ سەرۆك وەزیرانی بەربكەوێ‌.

- حزبی براوەی سێهەم؛ سەرۆكی پەرلەمانی بەربكەوێ‌.

-حزبە براوەكانی چوارەمیش؛ جێگرەكان لەگەڵ چەندین وەزارەت لەسەر لیستەكانی كۆتاو لیستەكانی تری پەرلەمان، بەتایبەتی لایەنە مەسیحییەكان، توركمانەكان، ئێزدی، كاكەیی‌و شەبەك، دابەش بكرێتە سەریان.

- دوای دروستكردنی ئەو متمانەو ژینگەی پەیوەندییە بەپراكتیك، زەمینە دەڕەخسێ‌ بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەو، وەزارەتی ناوخۆ، بەتایبەتی ئاسایش، بەپێی پرۆژەیەكی هاوسەنگ. بۆ ئێستاش، بەرپرسیارێتی وەزارەتی پێشمەرگەو هەواڵگری‌و كۆمەكەكانی دەرەوە، هەقە هاوسەنگیەكەی دابین بكرێ‌.

دووەم

لێكتێگەیشتنی تێكڕای كێشەكان

بۆ ئەم خاڵانەی سەرەوە، لەسەر هەموو ئاستەكانی عێراق، كوردستان، ناوچەكەو ئایندەی روداوەكان، جگەلەوەی پەیوەندی پارتی‌و یەكێتی، هێشتا دەستەبەرێكی چارەنوسسازە، لەناو كۆی پرۆسە سیاسیەكەی عێراق‌و ناوچەكەش، پێمان باشە، بەزووترین كات، چەند كۆمسیۆنێكی شارەزا، بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیەكی سیاسی، ئابوری، یاسای‌و حوكمڕانی بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، كاراتركردنی حكومەتی بنكەفراوان، گفتوگۆی سیاسی هەموو لایەنەكان لەپێناوی سازانی سیاسی، هەروەها بۆ: دانوستاندنی هەمەلایەنەی نێوان بەغداو هەولێر، لەنێوان هەموو لایەنەكان پێكبهێنین.

بۆ بەشەكانی كوردستانیش، بەهەمان چەشن. بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی، باشتر وایە زۆرتر رەچاوی ئەزمونی سەركردە شارەزاكانیان بكرێ‌.. هەتا سەردانی گەورە وڵاتانی جیهان‌و وڵاتانی گەورەی ناوچەكەش بكەن، بۆئەوەی دەستەبەری مافە سیاسی‌و دیموكراسی‌و جێبەجێكردنی دەستور، لەم دۆخەدا بكرێ‌. دەبێ‌ وردتر بۆ وڵاتان رونبكرێتەوە كە پێشمەرگە، هێزی ئازادی‌و مافی چارەنوسی كوردستانن. نەك هێزی یەدەكی شەڕ دژی داعش. كات لەدەستدان هەڵەیە. چونكە دونیای سیاسەت‌و بەرژەوەندیەكان، رەچاونەكراوەكانی جێگەی مەترسین.

سەبارەت بەڕیفراندۆم‌و لەهەلی رەخساویشدا، راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، ستراتیژی وا، پێویستی بەكۆدەنگیی لایەنەكان‌و رای گشتی‌و پەسەندی پەرلەمانە. لەڕوانگەی یەكێتیەوە، بژاردەی كۆنفیدراڵ، گونجاوترە بۆ عێراق‌و ناوچەكە.

بەئومێدی رێكەوتن‌و بەرەسمی راگەیاندنی رێكەوتنەكە لەمەراسیمێكدا، بەئامادەبونی سەركردایەتی، كادرو ئۆرگانە باڵاكان، وەزیرو ئەندامانی پەرلەمان، فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەو نوێنەری كەسوكاری شەهیدان لەسەرانسەری كوردستاندا.

لەگەڵ رێزی وەفدی باڵای

گفتوگۆی (ی.ن.ك)

25/12/2015