به‌ وێنه‌.. زێدان له‌م نزیكانه‌ كڕینی 5 یاریزان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌

K24 ـ هه‌ولێر

 له‌ ٢ـی مانگی فێبرایەری دادێ کاتی کۆتایی ھاتنی مێرکاتۆی زستانەیە، یانەی ریال مەدریدیش ھەڕەشەی راگرتنی لە بازاڕی گواستنەوەی ٢٠١٦ و بازاری گواستنەوەی زستانەی ٢٠١٧ لەسەره‌، ئەمەش وای لە زێنەدین زیدان کردووە بە زووترین کات تیپەکەی تۆکمە بکات تا ھاوینی ٢٠١٧، رۆژنامەی مارکاش ئاشکرای کردووە زێدان بەنیازە ٥ گرێبەست له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا یه‌كلایی بكاته‌وه‌ كه‌ له‌م یاریزانانه‌ی خواره‌وه‌ پێك دێن.

ئیدین ھازارد: ئەستێرە بەلژیکییەکە بە یەکێک لەو کارتانە دادەنرێت کە زێدان دەیەوێ گرێبەستی لەگەڵ واژوو بکات، رۆژنامەی دەیلی مەیلیش ئاشکرای کردووە کە زیزۆ عاشقی ھازاردە و بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ئێستای جیھانی دادەنێت، بەڵام کێشەیەک لێرە چاوەڕێی زێدانە ئەویش ھازارد لە ھەمان شوێنی گاریس بێل و ئیسکۆ یاری دەکات، ئەوەش کارەکە قورس دەکات.

 نرخی ھازاردیش یەکێکە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زیزۆ لە بەدەست ھێنانی، چونکە چێڵسی داوای ٥٠ ملیۆن پاوەن دەکات کە دەکاتە نزیکەی ٧٢ ملیۆن دۆلار.

 

دی خیا: زێدان ئێستا بەدوای گۆڵپارێزێک دەگەڕێت کە بەرگری لە تۆڕی یانەکەی بکات و بتوانێت ھەڵەی بەرگریکارەکان راست بکاتەوە ، دیخیاش پاڵێوراوێکی بەھێزە بۆ ئەو نیازەی زیزۆ بەتایبەت یانەی ریال مەدرید زۆر نزیکە لەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە و ھاوینی رابردوو لە کۆتا خولەکەکان گرێبەستەکەی دی خیا سەری نەگرت.

رەحیم ستێرلینگ: ھەرچەندە لە مەحاڵ نزیکە بەھۆی ئەوەی تەنیا نیو وەرزە رووی لە یانەی مانچستەرسیتی کردووە، بەڵام زێدانی تازە راھێنەری یانەی ریال مەدرید داوای لە کارگێڕی یانەکەی کردووە بەزوویی ھەوڵ بۆ ستێرلینگ بدەن، چونکە بەلای زێدان رەحیم یەکێکە لەو یاریزانانەی کە دەتوانێت بە ئاسانی گۆڵ تۆمار بکات، بەڵام لەم گرێبەستەش ریال مەدرید زەحمەتی دەبینێت بەتایبەت دەنگۆی ئەوە ھەیە پیپ گواردیۆلا ببێتە راھێنەری یانەی مانچستەرسیتی، ستێرلینگیش چەندین جار ئارەزووی خۆی پیشانداوە بۆ راھێنان کردن لەگەڵ گواردیۆلا.

 

لیڤاندۆڤسکی: دوای گرێبەستەکەی کەریم بنزێما ریال مەدرید بیری لە کڕینی ھیچ یاریزانێک نەکردووەتەوە بۆ شوێنی بنزێما، بەڵام زیزۆ پێیوایە ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە لیڤاندۆڤسکی بھێننە ریزەکانیان، ئەو داوایەی زیدانیش راستەوخۆ لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێز پشتگیری دەکرێ، بەڵام کێشەی ریال مەدرید لە گرێبەستی لیڤا لەگەڵ یانەی بایرن میونشنە، چونکە بەھیچ شێوەیەک ئەو یانەیە رازی نابێت لیڤاندۆڤسکی ریزەکانی جێبھێڵێت.

پۆل پۆگبا: دوای ئەوەی فلۆرێنتینۆ خۆی پەیوەندی بە بریکارەکەی پۆگبا کرد بۆ گواستنەوەی ئەو ئەستێرەیە بۆ ریزی یانەی شاھانە، بەڵام یۆڤێنتۆس نرخی ئەو یاریزانەی زۆر زیاد کرد و فلۆرێنتینۆ کشایەوە، بەڵام دیسانەوە پێرێز ھاتۆتەوە ناو گرێبەستەکە بەتایبەت ئەمجارە زیزۆ لەگەڵ پۆگبا و بریکارەکەی پەیوەندییەکی باشی ھەیە، رەنگە ئەمجارە سەرکەوتووبێت.