ئەردۆغان ئه‌وانه‌ى داواى ئاشتيى ده‌كه‌ن كه‌سانى "زاڵم و نامه‌ردن"

"لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیيەكان به‌ردەوام دەبین".

 K24 – ئه‌نقه‌ره‌:

سه‌رۆك كۆمارى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان هێرشيكرده‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سايه‌تييانه‌ى داواى ئاشتيى و وه‌ستاندنى ئۆپراسيۆنه‌ سه‌ربازييه‌كانى سوپاى توركيا ده‌كه‌ن و ئه‌وانى به‌ "مرۆڤی تاریكبين، زاڵم، نامەرد" وه‌سفكرد.

لە كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامەوانیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئێمە گوێ بە گەف و لێدوانی وڵاتانی دراوسێ نادەین، ئۆپەراسیۆنەكانمان لە باشووری رۆژھەڵات (باكوورى كوردستان) بەردەوام دەبين".

لە بارەی كۆكردنەوەی ئیمزا لە لایەن كەسانی ئەكادیمی بۆ ئاشتی لە توركیادا ئەردۆغان گوتى: "ئەو ئەكادیمیانەی بەیاننامەی كۆكردنەوەی واژوویان لە بەرژەوەندی پەكەكە راگەیاندووە، ئەوان مرۆڤی تاریكین، زاڵمن، نامەردن، با بڕۆن بۆ سەر چیا".

ئەو لێدوانەی ئەردۆغان لە كاتێكدا بوو، دوێنێ بە یاوەری سەرۆكی ئەوقاف و كاروباری ئاینی توركیا، محەممەد گورمەز، بۆ بەشداریكردن لە وتاری رۆژی نوێژی ھەینی سەردانی مزگەوتی سوڵتان ئەحمەدی كرد، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر تەقینەوەیەكی خۆكوژی لە نزیك ئەو مزگەوتە روویدا، دوای تەواوبوونی نوێژی ھەینی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا".

ته‌قينه‌وه‌كه‌ له‌ 12ی ئەم مانگەدا روويدا و بووە ھۆی كوژرانی 10 ھاوڵاتی و برینداربوونی 15ی دیكە، داوی تەقینەوەكەش بەرپرسانی توركیا رایانگەیاند، تەقینەوە خۆكوژییەكە لە لایەن ئەندامێكی داعشەوە ئەنجامدراوە.

لە سەروبەندی ھەڵبژاردنی دووبارەی پەرلەمانی توركیاوە كە لە 1/11/2015، بەڕێوەچوو تا ئێستا سوپای توركیا ھێرشەكانی بۆ سەر شارە كوردییەكانی باكووری كوردستان چڕتر كردووتەوە، لەم چەند رۆژەی دوایشدا لە چەند شارێكدا بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆن و قەدەغەكردنی ھاتووچۆ لە ناو شاروشارۆچكەكاندا خۆپێشاندان ئەنجامدرا.