يه‌كێتيى پێداگرى له‌سه‌ر چ خاڵێكى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتييدا ده‌كات

پارتی : پڕۆژەكە خاڵی ئیجابی تێدایە و دوای شیكردنەوە وەڵامی یەكێتی دەدرێتەوە

K24 - سلێمانی:

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان رایگەياند، ئەوان سوورن لەسەر ئەو بۆچوونەی وەك پڕۆژە و نەخشە رێگا پێشكەش بە پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردووە.

فەرید ئەسەسەرد، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) رایگەیاند، "بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئەو پڕۆژەیە دەرفەتێكە و نابێ لە دەستیبدەین، چونكە دەتوانێت چارەسەری كێشەكان بدۆزێتەوە، رەنگە لایەن ھەبێت لەگەڵ ئەو بۆچوونە نەبێت بەڵام ئەوە بۆچوونی ئێمەیە و سوورین لەسەر بۆچوونەكەمان".

گوتیشی: "لە پڕۆژەكەماندا باسی ئەوەمان كردووە پێویستە ھێزی پێشمەرگە و زانیاری و ھەموو ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ یەك بگرنەوە، ھۆی پێداگرتنمان لەسەر ئەو مەسەلە ئەوەیە لە ھیچ وڵاتێكدا دوو ناوەندی بڕیاردەر بە ھێزی چەكدار نییە".

فارس نەوڕۆڵی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لە بارەی پڕۆژەكەی یەكێتیەوە بۆ (كوردستان24) دوا و گوتی: "ھەر پڕۆژەیەك دەكرێت گفتوگۆ و قسەی لەسەر بكەین، ئەو پڕۆژەیەی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، كە داویەتی بە پارتی خاڵی ئیجابی تێدایە لە لایەن سەركردایەتی پارتیەوە شیكردنەوەی بۆ دەكرێت و بە فەرمی وەڵامی یەكێتی دەدرێتەوە".

لە دوا كۆبوونەوەیاندا یەكێتی نیشتمانی كوردستان پڕۆژەیەكی نوێی بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان، پێشكەش بە پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، بەرپرسانی پارتیش ئەوە دەخەنەڕوو دوای شیكردنەوە و تاوتوێكردنی وەڵامی پڕۆژەكە دەدەنەوە.