رۆژنامه‌كانى ئێران ئه‌مڕۆ باسى چييان كردووه‌

قەیرانی ئابووری، ھۆكارە بۆ قەیرانی كۆمەڵایەتی

K24 – تاران:

چارەنووسی ھەڵبژاردن و رەتكردنەوەی بە لێشاوی كاندیدەكانی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی گەرمی ئەمڕۆی رۆژنامەكانی ئێرانە، ھاوكات چاوەڕوانی بۆ راگەیاندنی ناوی كاندیدە دەرچووەكان بۆ ئەنجوومەنی شارەزایان تەنیا سێ رۆژی ماوە. بە دەیان نامەی ناڕەزایەتی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای نیگەھبان نووسراوە و كۆمەڵێك پرسی دیكەی وەك بارودۆخی ئابووری لە رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێراندا باسكراون.

لە سەروتاری رۆژنامەی ئیبتكار دا نووسراوە: "راپۆرتی ئەنجوومەنی شوورای نیگەھبان، كۆمەڵگە و جووڵە سیاسییەكانی ئێرانی تووشی شۆك كرد، ھەرچەندە لە كاتی ناونووسیدا، ھەست بەوە دەكرا، ئومێد لە ھاووڵاتیاندا بەرز بووەبێتەوە، بەڵام دوای راگەیاندنی ناوی كاندیدەكان، ئاماژەكان دەریدەخەن، كێبەركێیەكی گەرموگوڕ لە ھەڵبژاردندا روونادات".

زیاتر لە 60%ی كاندیدەكان رەتكراونەتەوە

یەك لەو كاندیدە دیارانەی كە رەتكراوەتەوە لە رۆژنامەی ئیبتكاردا نووسیویەتی: "زۆربەی ئەو كەسانەی رەتكراونەتەوە، پێش ھاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران لە دژبەرەكانی دەسەڵاتی پاشایەتی بوون".

ھەر ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی: "لە 54 ئەندامی حزبی ئیعتماد كە خۆیان بۆ ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامی كاندید كردبوو، تەنیا یەك كەس دەرچووە، حزبی مەردوم سالار لە 60 كاندید، كەمتر لە 10 كەسیان دەرچووە، لە 100 كاندیدی جێیی موتمانەی بەرنامەداڕێژەرانی چاكسازی، سەرجەمیان رەتكراونەتەوە. كاندیدەكانی ئەنجوومەنی ئیسلامیی مامۆستایانی زانكۆ، سەرجەمیان رەتكراونەتەوە، حزبی ئیعتیدال و گەشەپێدان، 340 كاندیدی لە سەرجەم ئێران ھەبووە، تەنیا 40 كەسیان دەرچوون. لە 26 كاندیدی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمەڵگەی پزشكی و 146 كاندیدی حزبی ئیتحادی میللەت كەس دەرنەچووە".

لە وتارێكی رۆژنامەی قانووندا نووسەر ئاماژەی بە نامەكەی سەرۆك كۆمار بۆ رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە و نووسیویەتی: "رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رەوتی رێككەوتنی ناووكی رازییە، بەمەش پڕوپاگەندەی باڵی پارێزگاران، كە دەیانگوت رێبەر بەو رێككەوتنە دڵخۆش نییە، پووچەڵ بوویەوە".

رۆژنامەی وەقایعی ئیتفاقیە نووسیویەتی: "ھەڵوەشانەوەی گەمارۆكان تا ئێستا كاردانەوەی باشی ھەبووە، خەریكە رۆژ لەگەڵ رۆژ كەشی ئابووریی لە ئێران بەرەو جیھانی بوون دەڕوات، بەڵام دەبێت چاوەڕوان بین، ئایا لابردنی گەمارۆكان و گەڕانەوەی پارە دەستبەسەرداگیراوەكانی ئێران كاریگەری لە سەر باشتر بوونی ئابووری ئێراندا دەبێت، یان درزی ئابووری نێوان ھەژار و دەوڵەمەند زیاتر دەكات".

قەیرانی ئابووری، ھۆكارە بۆ قەیرانی كۆمەڵایەتی

رۆژنامەی شەرق نووسیویوتی: "كۆمپانیای كەشتیەوانی ئێران لە سالی 2008 تا لابردنی گەمارۆكان، 22 جار لە لایەن نووسینگەی چاودێری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا گەمارۆیان خراوەتە سەر، لەو ماوەیەدا ساڵانە نزیك بە 450 بۆ 500 ملیۆن دۆلار زیانیان بە ئێران گەیاندووە".

رۆژنامەی ئیعتماد نووسیویەتی: "رووداوی گەمارۆكانی سەر ئێران لە 8 ساڵی رابردوودا، زیانی بە دوو بنەمای سەرەكی سیستەمی كۆمەڵایەتی ئێران گەیاندووە، ئابووری چارەسەر نەكراوە و قەیرانەكان كومەڵگەی لاواز كردووە، چونكە چارەسەری قەیرانی ناووكی ئێران پێوستی بە كات و وزەیەكی زۆر ھەبوو، بەمەش حكوومەت نەپەرژاوەتە سەر قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان".

میھرەبانی سادە و كەمخەرجە

وتارێكی رۆژنامەی شەھروەند تایبەتە بە دیواری میھربانی كە ماوەیەكە لە شارەكانی ئێران بووەتە باو و نووسەر دەڵێت: "ئەو چالاكییە مرۆڤ دۆستانەیە، دەكرا گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە ژیانی ھەژارەكاندا بەدیبێنێت، لە شارەكانی رەشت و تاران، خێرخوازان ساردكەرەوەیان لە شەقامەكان دانابوو، بۆ ئەوەی دەوڵەمەندەكان خۆراكە زیادەكانیانی تێیدا دابنێن و ھەژارانیش ھەڵێبگرن".

نووسەر لە درێژردا دەڵێت: "میھربان بوون كەم خەرج و سادەیە، ئەوەندە بەسە چاوێك بە دەوروبەری خۆماندا بگێڕێن و ھەروا بە تەنیشت ئەو دیوارانەدا تێنەپەڕێن".