رۆژانە زياتر له‌ حه‌وت هه‌زار كۆرپه‌ بە مردوویی لەدایكدەبن

98%ی ئەو كۆرپه‌ بە مردوویی لەدایكدەبن لە وڵاتانی ھەژارن.

K24 - جیھان:

بە گۆیرەی لێكۆڵینەوەكانی گۆڤاری پزشكی لانست، رۆژانە 7200 كۆرپە لە جیھاندا بە مردوویی لە دایك دەبن، زۆرترین ئاماریش تایبەتە بە وڵاتە ھەژارەكان، ئەوە لە كاتێكدایە ئەگەر لە كاتی دووگیانییدا، چاودێری وردی دایكان بكرێت، زۆربەی ئەو كۆرپانە بە تەندرووستی لەدایك دەبن.

ئەو گۆڤارە بڵاویكردووەتەوە، لە نێوان ساڵانی 2000  بۆ 2015  رێژەی ئەو كۆرپانەی بە مردوویی لەدایك بوون، 2% كەمی كردووە، بەڵام ساڵی رابردوو نزیكەی 2.6 ملیۆن كۆرپە لە جیھاندا بە مردوویی لەدایكبوون.

زیاتر لە 200 پسپۆر لە 43 وڵاتی جیھان لەو لێكۆڵینەوەیەدا بەشدار بوون.

گۆڤاری لانست نووسیویەتی: "ئەو 2.6 ملیۆن كۆرپەیە لە ماوەی سێ مانگی كۆتایی دووگیانی مردوون، ھاوكات نێوەیان لە كاتی لە دایكبووندا گیانیان لەدەست داوە".

سەرنووسەری لانست، ریچارد ھارتن دەڵێت: "1.3 ملیۆن لەو كۆرپانە زیندوون، بەڵام لە كاتی لەدایكبووندا بە ھۆكاری زۆر سادە گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش كارەساتە".

پسپۆڕان لەسەر ئەو بڕوایەن زۆربەی ئەو نەخۆشییانەی دەبنە ھۆی گیان لەدەستدانی ئەو كۆرپانە، چارەسەریان ھەیە، بۆ نموونە ھەوكردنی دایك بە ھۆی نەخۆشی مالاریا یان سیفلیس (جۆرە نەخۆشییەكە 400 ساڵ پێش زایین دۆزراوەتەوە و زیاتر لەو ناوچانەی كەشوھەوایان بۆ ژیان گونجاو نییە سەرھەڵدەدات).

ھۆكارەكانی پەیوەندیدار بە شێوازی ژیان و رێژیمی خۆراكی (قەڵەوی، مادەھۆشبەرەكان...)، نەخۆشییەكانی وەكوو (شەكرە، شێرپەنجە ، دڵ و خوێنبەرەكان) ھۆكاری مردنی 10%ی منداڵانن، سەرەڕای تەمەنی دایك، ئەگەر لە 35 سال زیاتر بێت.

بە گشتی 98%ی ئەو كۆرپەڵانەی بە مردوویی لەدایكدەبن لە وڵاتانی ھەژارن، بە تایبەت ئەو وڵاتانی لەشەڕ دان.

لە ئاستی جیھانییدا، كەمترین رێژەی مردنی منداڵان پێش لەدایكبوون تایبەتە بە، دانیمارك واتە 1.7 منداڵ لە ساڵێكدا و زۆرترینیش تایبەتە بە پاكستان كە 43.1 % منداڵە لە ساڵێكدا.