سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و باڵیۆزی بریتانیا باسی رزگاركردنی موسڵ دەكەن

باسیان لە قەیرانی سیاسی عێراق و قەیرانی دارایی ھەرێمی كوردستان كردووە

K24 – ھەولێر:

لە دیدارێكدا مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و فرانك باكێر، باڵیۆزی بریتانیا رەوشی ناوچەكە و رزگاركردنی شاری موسڵيان لە ژێر دەستی داعش تاوتوێ كردووە.

لەو دیدارەدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق، باسیان لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە كردووە، ھەروەھا رەوشی بەرەكانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بووە و ئاماژەیان بۆ رەوشی داعش لە پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و ئامادەكارییەكانی رزگار كردنی موسڵ لە ژێر دەستی داعش كردووە.

ئەمڕۆ فرانك باكێر، باڵیۆزی بریتانیا بە یاوەری شاندێك سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردوو لە كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كە پیرمام بەڕێوەچوو بە گشتی باسیان لە رەوشی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كردووە.

ھەر لەو دیدارەدا جەخت لە ھەماھەنگی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان و ھێزەكانی عێراق كراوە، ھەروەھا بیروڕایان لەبارەی قەیرانی ئابووری و چارەسەركردنی ئەو قەیرانە و قەیرانە سیاسی و تائیفییەكانی عێراق و ئاشتەوایی نیشتیمانی ئاڵوگۆڕ كردووە.