هێزێكی تایبه‌تی ئه‌مریكا گه‌یشته‌ عێراق

بۆ دەرکردنی رۆژئاوای ئه‌نباره‌ له‌ بنده‌ستی داعش

K24ـ هه‌ولێر:

هێزێكی تایبه‌تی سوپای ئه‌مریكا کە 1800 ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز له‌خۆده‌گرێت، له‌ بنكه‌ی سه‌ربازیی (عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د) له‌ پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای به‌غدا جێگیركران.

به‌گوێره‌ی زانیاریی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق، رۆژی 19 كانوونی یه‌كه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016 ئه‌و هێزه‌ تایبه‌ته‌ی سوپای ئه‌مریكا به‌مه‌به‌ستی به‌شداریکردن له‌ جه‌نگی دژی داعش، گه‌یشتنه‌ بنكه‌ی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاوای به‌غدا به‌دووریی 200 كیلۆمه‌تر.

سوپای عێراق روونی كرده‌وه‌، ئه‌ركی ئه‌و هێزه‌ی ئه‌مریكا شانبه‌شانی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق و هۆزه‌كانی ناوچه‌كه‌، بریتی ده‌بێت له‌ گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی رۆژئاوای پارێزگای ئه‌نبار وه‌كوو ناوچه‌كانی هیت، ده‌وروبه‌ری حه‌دیسه‌، قائیم و روتبه‌، سنووره‌كانی سووریا و ئوردن، هه‌روه‌ها رێگەی نێوده‌وڵه‌تەی به‌غدا- عه‌ممان.

سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی عێراق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: جگه‌ له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی چه‌كداریی لەگەڵ داعش، ئه‌و هێزه‌ی ئه‌مریكا ئه‌ركی راهێنانی سوپای عێراق ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

هاتنی ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌ی ئه‌مریكا له‌كاتێكدایه‌، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌مریكا رایگه‌یاند، حكوومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ره‌زامه‌ندیان نیشانداوه‌ بۆ هێنانی 1800 سه‌ربازی ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌كانی رۆژئاوای عێراق.

سەرچاوە: ئاژانسەکان