عەبدولستار مەجید: بۆردەكە پەیوەندی بە دەرھێنانی نەوت نیە

"بۆردەكە سەرجەم داھاتە ناوخۆییەکانی دیکە دەکات"

K24 – ھەولێر:

وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو بۆردەی لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران دیاركراوە، پەیوەندی بە دەرھێانی نەوت نیە.

لە روونكردنەوەیەكدا عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، رایگەیاند: " کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمدا بڕیار لەسەر پێکھێنانی (بۆرد)ێک درا بۆ کۆکردنەوە و سەرپەرشتی داھاتی ھەرێمی کوردستان و، ئەم پرسە لە راگەیاندنەکاندا بە ھەڵە بڵاوکرایەوە و لە ئاستی شەقامیشدا خوێندنەوەی ھەڵەی بۆ کرا".

ئەوەی روونكردوەتەوە: "بۆردەكە پەیوەندی نیە بە دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت، ئەوە پرۆسەیەکی دیکەیە و ئەنجومەنی باڵای نەوت و غاز لێی بەرپرسە، لە راستیدا ئەم بۆردە وەک لیژنەیەکی باڵایە کە سەرپەرشتی سەرجەم داھاتەکانی فرۆشی نەوت بە تانکەر، فرۆشی نەوت بە بۆری، فرۆشی بەرھەمە نەوتیەکان لە ناوخۆ ، داھاتی خاڵە سنوریەکان، داھاتی باج و ڕسوماتی سەر بەروبوومی ھاوردە، سەرجەم داھاتە ناوخۆییەکانی دیکە دەکات".

ئەوەی خستەڕوو: "سەرجەمی ئەو داھاتانەی باسکران، مانگانە دێتەوە بەردەستی بۆردەكە، بە ڕاپۆرتی فەرمی وردەکاریی داھاتەکان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکرێت، ئەوەش لە پێناو دەستەبەرکردنی شەفافیەت و نەھێشتنی نا روونی لە چەندێتی و چۆنێتی سەرجەم داھاتەکان، تا بزانرێت کە داھاتمان چەندە و چۆن تەرخانی بکەین بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ئەوەی دەوترێت کە گوایا تەنھا بۆ سەرپەرشتی داھاتی نەوتە، وانیە و، ئەوە بەشێکە لە ئەرکەکانی ئەو بۆردە".

عەبدولستار مەجید، لە بەشێكی دیەكەی روونكردنەوەكە نووسیویەتی: "بە ھەموو خەڵکی کوردستانی رادەگەیەنین کە ئامانجی بەشدارییمان لەو بۆردە، بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستانە کە لە تەواوی داھاتەکان ئاگاداربین و بتوانین لەم قەیرانەدا بۆ خزمەتی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران بەکاری بھێنینەوە".

روونكردنەوەی عەبدولستار مەجید، لە كاتێكدایە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە بارەی پاكێجی چاكسازی كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بۆردێك بۆ سەرپەرشتیكردنی داھاتە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان پێكھێنرا.