ھۆشیار زێباریی: ئەمساڵ زۆر سەخت دەبێت

"بەڵگەكان دەخەینە بەردەستی خەڵك"
kurdistan24.net

K24- بەغدا:

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بەڵگەكان دەخەینە بەردەستی خەڵك بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بە داھات و خەرجییەكان ئاشنا بن.، چونکە ئەمساڵ ساڵێكی زۆر سەخت دەبێت بۆ گەلی عێراق.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا ھۆشیار زێباریی، وەزیری دارایی عێراق، ئەمڕۆ رایگەیاند: "بەڵگەكان دەخەینە بەردەستی خەڵك بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بە داھات و خەرجییەكان ئاشنا بن. خەرجی گشتیمان زۆر بووە و ھەوڵی كەمكردنەوەی دەدەین".

زێباریی گوتیشی: "شەڕی داعش بارێكی قوڕسی دارایی خستە سەر عێراق، ئەو نەخشەی دامان ناوە گۆڕانكاریی باش دەكات لە بواری دارایی عێراق، ھەوڵدەدەین ساڵی 2016 ساڵی سەركەوتنی ئابووریی بێت لە عێراقدا".

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەشی کرد کە: "دوایین كێشە كە پێشبینی نەدەكرا دابەزینی نرخی نەوت بوو، زیاتر لە 90%ی دابینكردنی داھاتی عێراق لە رێگەی نەوتەوەیە، یاسای بودجەی نوێی عێراق بەھای بەرمیلێک نەوتی بە  45 دۆلار خەمڵاندووە، بۆ پڕكردنەوەی كورتھێنانی بودجە ھەوڵی وەرگرتنی قەرز دەدەین لە بانكی نێودەوڵەتیی و كۆمپانیا گەورەكان".

لە بارەی رەوشی ئابووریی و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان لە عێراقدا، ھۆشیار زێباریی، وەزیری دارایی عێراق ئەوەی خستەڕوو کە: "ئەمساڵ ساڵێکی زۆر سەخت دەبێت بۆ گەلی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێ".

ئەم گوتانەی وەزیری دارایی عێراق لە كاتێكدایە كە ماوەی دوو ساڵ دەبێت، بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت بە رێژەی نزیکەی 70%، عێراق رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە.