دیموكراتەكان بە جیا یادی كۆماری كوردستانیان كردەوە

ئاڵا و پێشمەرگە بەرھەمێكی كۆماری كوردستانن و ئێستاش وەكوو سیمبولی نەتەوایەتی دەناسرێنە"وە"
kurdistan24.net

K24 – رۆژھەڵاتی كوردستان:

مستەفا ھیجری، سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، گوتی: "كوردەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان و لە سەرووی ھەموویان مەلا مستەفا بارزانی رێزیان لە كۆماری كوردستان گرتووە و ھەر لە لایەن ئەو كۆمارەوە رێزیشیان لێگیراوە".

ھاوكات خالید عەزیزی سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانیش گوتی: "وەكوو بەرھەمێكی كۆمار، مافی خۆمانە باس لە راپرسی لە رۆژھەڵاتی كوردستان بكەین".

لە یادی 70 ساڵەی دامەزراندی كۆماری كوردستان، ھەردوو "حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران" و "حزبی دیموكراتی كوردستان" بە جیا، یەكیان لە ھەولێر و ئەوی دیكەیان لە كۆیە ئەو یادەیان كردەوە.

مستەفا ھیجری، سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە رێورەسمی یادكردنەوەی كۆماری كوردستاندا، باسی لە دەرھاویشتەكانی كۆماری كوردستان كرد و گوتی: "نموونەی بەرزی ئەو شوێندانەرییە، دڵسۆزەی بۆ بەشەكانی دیكە و رێزگرتنیان لە لایەن كۆمارەوە بووە، بارزانییەكان بە سەرۆكایەتی نەمر مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ھاتنیان بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كۆمار، بەوپەڕی حورمەتەوە رێزیان لێگیرا و پێشوازییان لێكرا.

ھاوكات لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد پلەی ژنه‌راڵ بە مەلا مستەفا بارزانی  بەخشرا."

مستەفا ھیجری ئاماژەی بەوەشكرد، ئاڵا و پێشمەرگە بەرھەمێكی كۆماری كوردستانە و ئێستاش وەكوو سیمبولی نەتەوایەتی دەناسرێنەوە.

حزبی دیموكراتی كوردستان، پێش دامەزراندنی كۆماری كوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا و دواتر لە سەر دەستی ئەو حزبە كۆماری كوردستان راگەیاندرا.

ماوەی 9 ساڵە حزبی دیموكڕات جیابوونەوەی تێكەوتووە، ھەر بۆیە به‌جیا ئەو یادەیان كردەوە، خالید عەزیزی سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان، لە رێورەسمی 70 ساڵەی كۆماری كوردستان لە مەھاباد، باسی لە مافی راپرسی بۆ خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان كرد و گوتی: "حزبی دیموكراتی كوردستان لە داھاتوودا مافی خۆیەتی لە وڵاتی خویدا كە دەسەڵاتدارانی چەندین دەیەیە، بەفەرمی نایناسن و ھەڵاواردن لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گەیشتووەتە لوتكە و ئەندامی حزبە جوداخوازه‌كان، بە ھاووڵاتی وەرناگرێت، كه‌ باس لە مافی چارەی خۆنووسین و راپرسی بكات".