بايدن ره‌خنه‌ی توند له توركیا ده‌گرێت
K24 - ئیستانبول:
دوای یه‌ك رۆژ له سه‌ردانی بۆ ئیستانبول، جۆزیف بایدن، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ره‌خنه‌ی له‌و گوشارانه‌ی حكوومه‌تی توركیا گرت كه خستوویه‌ته سه‌ر ده‌نگه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان و ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانان له‌و وڵاته.
جۆزیف بایدن، له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی توركیا گوتی: "كاتێك رۆژنامه‌وانان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌تۆقێنرێن و زیاتر له هه‌زار ئه‌كادیمی به‌تۆمه‌تی خیانه‌ت ده‌ستگیرده‌كرێن چونكه واژوویان له‌سه‌ر نووسراوێك كردووه، ئه‌و كاره هه‌رگیز نابێته نموونه‌یه‌كی باش".
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه زیاتر رۆژنامه‌وانه نزیكه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئاماده‌ی بوون، بادین گوتی: "ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌تانتوانی راكانتان ده‌رببڕن و ره‌خنه له سیاسه‌ت بگرن و جێگره‌وه‌ی دیكه پێشكه‌ش بكه‌ن، له ترسی تۆقاندن و سزادان، ئه‌وه مانای وایه وڵاته‌كه‌تان هیچ ده‌رفه‌تێكی بۆ نه‌ڕه‌خساندوون".
ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا، هێرشێكی بۆ سه‌ر ئه‌كادیمیه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌ست پێكردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له هه‌زار ئه‌كادیمیی توركیا، واژوویان له‌سه‌ر نووسراوی "ئیدانه‌كردنی قه‌سابخانه‌كانی باكووری كوردستان" كردووه.