دھۆك ئامادەكاری بۆ ھاتنی ئاوارەی دیكەی موسڵ دەكات

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا"شوێن نەماوە لە ناو پارێزگا نیشتەجێ بكرێن"
kurdistan24.net

K24 – دھۆك:

بەھۆی دەنگۆی نزیك بوونەوە لە رزگار كردنی شاری موسڵ، پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی دیكە لە خەڵكی سنووری ئەو شارە ئاوارەی ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان ببن، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك رایگەیاند، لە سنووری دھۆك شوێن نەماوە و لە نێوان پارێزگای دھۆك  و موسڵ چەند شوێنێك بۆ دروستكردنی كەمپەكان دیاركراون.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) فەھیم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك رایگەیاند: "ئامادەكاری كراوە بۆ ھاتنی ئاوارەی زیاتر لە كاتی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ لەوانە سێ شوێن لە نێوان پارێزگای دھۆك و موسڵ دیاركراون بۆ دروستكردنی كەمپی ئاوارەكان".

گوتیشی: "بەھۆی ئەو ژمارە زۆرەی لە ماوەی رابردوودا روویانكردوەتە سنوورەكە، لە شارو شارۆچكەكانی سنووری پارێزگای دھۆك جێگا نەماوە تا ئاوارەی دیكەی لێ نیشتەجێ بكرێن".

لە سەرەتای ھاتنی داعش بۆ عێراق و سووریا بەشێكی زۆر لە خەڵكی شارەكانی دیكە لە عێراق و رۆژئاوایی كوردستان، روویان كردە ھەرێمی كوردستان، بەھۆی نزیكبوونی دھۆك لە موسڵ و شارۆچكەی شنگال و ھاوسنووربوون لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكان لە سنووری ئەو پارێزگایە نیشتەجێبوون.

شاری موسڵ لە 10/6/2014، كەوتە ژێر دەستەڵاتی چەكدارانی داعش، زۆر جار لە لایەن ھێزەكانی ھاوپەیمانان و بەرپرس و فەرماندەكانی وەزارەتی بەرگری عێراق و ھێزی پێشمەرگە، باس لە ئامادەكاری و نزیكبوونەوەی رزگاركردنی موسڵ كراوە و دەكرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو شارە لە ژێردەستی داعش دایە، ئێستا لە ھەمووكات زیاتر دەنگۆی رزگاركردنی ئەو شار لە ئارادایە، پێشبینی دەكرێت جارێكی دیكە ژمارەیەك لە ھاوڵاتیانی سنووری شاری موسڵ ئاوارەی ھەرێمی كوردستان ببن.