وه‌به‌رهێنه‌رى بيانى له داهاتووى بازارى توركيا به گومانه
K24 – ئه‌نقه‌ره
ته‌قينه‌وه و خۆپيشاندان و ئه‌نجامدانى پرۆسه سه‌ربازييه‌كانى سوپاى توركيا ره‌وشێكى نوێيان له توركيا هێناوه‌ته ئاراوه و به‌و هۆيه‌وه، كه‌رتى وه‌به‌رهێنان و بازارى كڕين و فرۆشتنى خانووبه‌ره له‌و وڵاته رووى له كزى كردووه.
رۆژنامه‌ى حوڕيه‌تى توركيا، له راپۆرتێكدا بڵاويكردووه‌ته‌وه، له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواييدا بازارى كڕين و فرۆشتنى خانووبه‌ره، رووى له گه‌شه كردبوو، به تايبه‌تى به هۆى هاتنى وه‌به‌رهێنه‌رانى وڵاتانى كه‌نداو، به‌ڵام له‌م دواييه‌دا ئه‌و ره‌وشه پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ى رۆژنامه‌كه، خواست له‌سه‌ر كڕين و فرۆشتنى خانوبه‌ره و يه‌كه‌ى پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنانى بوارى نيشته‌جێكردن به شێوه‌يه‌كى به‌رچاو دابه‌زينى به خۆوه بينيوه، به تايبه‌تى له نيوه‌ى دووه‌مى مانگى حوزه‌يرانى رابردووه‌وه و به‌و هۆيه‌شه‌وه ئابوورى توركيا رووبه‌ڕووى كێشه بووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ى زانيارى رۆژنامه‌ى حوڕيه‌ت، له نيوه‌ى دووه‌مى مانگى ته‌مموزه‌وه ته‌قينه‌وه تيرۆريستييه‌كان و خراپى ره‌وشى ئه‌منى و چه‌قبه‌ستوويى پرۆسه‌ى سياسيى كاريگه‌رى نه‌رێنى زۆريان له سه‌ر بازارى كڕين و فرۆشى خانوبه‌ره درووستكردووه.
عه‌لى ئاغائۆغڵۆ، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى كۆمپانياكانى "ئاغائۆغڵۆ" كه يه‌كێكه له‌و كۆمپانيايانه‌ى سه‌روسه‌وداى له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌رانى كه‌نداو هه‌يه رايگه‌ياند، نه‌بوونى ئارامى و ناديارى داهاتووى سياسى و پرۆسه‌ى ئاشتيى له توركيا نيگه‌رانى له لايه‌ى سه‌رمايه و وه‌به‌رهێنه‌رى بيانى به تايبه‌تى كه‌نداوييه‌كان درووستكردووه و ئه‌وان نايانه‌وێت له‌و ره‌وشه‌دا پاره بخه‌نه بازارى توركياوه.