ئیلام و واست په‌ره‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌ بازرگانييه‌كانيان ده‌ده‌ن

ئیلام ده‌يه‌وێت زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری لە بازاڕەكانی عێراق دەستكەوێت

K24 – ئيلام:

جێگری رێكخەری كاروباری ئابووری پارێزگای ئیلام، رایگەیاند، "بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی زیاتر،  بەمزووانە پارێزگای ئیلامی رۆژھەڵاتی كوردستان و پارێزگای واستی عێراق, نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆیان لەو دوو پارێزگایە دەكەنەوە".

حیشمەتوڵڵا عەسكەری گوتی: "ھەرچەندە سنووری پارێزگای ئیلام لەگەڵ عێراق فراوانە، بەڵام داھاتی ئەو پارێزگایە لە بازاڕەكانی عێراق كەمە، بۆیە پێویستە پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەكانمان لەگەڵ ئەو وڵاتە بدەین".

عەسگەری زياتر گوتی: "عێراق وڵاتێكی ھاوئاھەنگ نییە، بۆیە ناچارین پەیوەندی جیا و تایبەتمان لەگەڵ پارێزگاكانی ئه‌و وڵاته‌دا ھەبێت".

ھاوكات بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی پارێزگای ئیلام، شەعبان فرووتەن، گوتی: "كەرتی تایبەت لە ئێران ئاره‌زووده‌كات بازاڕگاى سنوورى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراقدا بكاته‌وه‌, پێویستە بەشی بازرگانی ئیلام ھەوڵبدات زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری لە بازاڕەكانی عێراق دەستكەوێت".

شەعبان گووتیشی: "سنووری فراوانی 420 كیلۆمەتری پارێزگای ئیلامی رۆژھەڵاتی كوردستان لەگەڵ عێراق، بوونی ئارامى ئاسايش, تێكەڵاوی كلتووری و ئایینی نێوان دوو وڵات, بواری گونجاوی بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی نێوانیان فه‌راهه‌مكردووه‌, بۆيه‌ پێشوازی لە كردنەوەی بازاڕگای سنووری زیاتر لەگه‌ڵ عێراقدا دەكەین".