به‌رپرسانى ئابوورى ئێران گله‌ييان له‌ هه‌رێم هه‌يه‌

بەرپرسی ژووری بازرگانی سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان، سەید كەماڵ حوسەینی، رايگه‌ياند، بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان ئاسانكاری بۆ ھەناردەكردنی كەلوپەلەكانیان ناكەن.

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسی ژووری بازرگانی سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان، سەید كەماڵ حوسەینی، رايگه‌ياند، بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان ئاسانكاری بۆ ھەناردەكردنی كەلوپەلەكانیان ناكەن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئێرانييه‌ گوتيشى: "تەنیا 10%ی بازاری ھەرێم بۆ ئێرانییەكانە".

له‌ به‌رامبه‌ردا، به‌رپرسی ژووری  بازرگانی پارێزگای سلێمانی سيروان محه‌ممه‌د، رايگه‌ياند، بە ھەموو شێوەیەك لەدەروازە سنوورییەكاندا زەمینەیان رەخساندووە له‌به‌رده‌م هاورده‌كردنی بەرھەمی ئێرانیدا.

ژووری بازرگانی پارێزگای سنە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەندێك بەرپرسی سنە یاساكانیان كردووه‌تە لەمپەری گەشەكردنی ئەو پارێزگایە.

هه‌روه‌ها گوتى: "كارناسان لەجیاتی دۆزینەوەی رێگایەك بۆ پێشكەوتنی پارێزگا، بەدوای بڕگەیەك دەگەڕێن كە رێگری لە گەشەی پارێزگای سنە بكات".

جگە لەو گلەییانەی لە بەرپرسانی ناوخۆیی ئێران ده‌كرێن، حوسەینی گازندەى لە باشووری كوردستان و بەدیاریكراوی لە پارێزگای سلێمانی كرد و گوتى: "ئاسانكاریمان بۆ ناكەن، ھەر بۆیە تەنیا 10%-ی بازارەكانی ھەرێم بە كاڵاكانی ئێرانە،و ئەویديكه‌ ھی توركیایە".

حوسەینی ئه‌وه‌شى گوت: "ھەرێمی كوردستان دەبێت بە بڕیاری چوارجار چوونی ھاووڵاتیانی ئێرانی بۆ ھەرێم لەساڵێكدا بچێتەوە، ھاوكات زەمینەش بۆ ھەناردەكردنی كاڵاكان بەتایبەت بەرھەمە كشتوكاڵییەكان لە سنووری باشماخ بڕەخسێنێت".

پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی كوردستان دوو دەروازەی سنووری فەرمی لەگەڵ پارێزگای سلێمانی باشووری كوردستان ھەیە. ئێستا حكومه‌تى ئێران بڕیاری لەسەر درووستكردنی ناوچەی ئازادی مەریوان و بانە داوە، بەڵام تاكوو ئێستا لەلایەن ھەرێمەوە وەڵامیان نەدراوەتەوە.