بەغدا.. یادی شاعير و مقامزانێكى كورد كرايه‌وه‌

زۆر لە ئەدیب و رۆشنبیرانی كورد و عەرەب بەشدارييان تێدا كرد.

K24 – بەغدا:

ئەمڕۆ 29ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبەری 2015، لە مەراسيمێكدا بەغدا یادی 25ساڵەی كۆچی دوایی شاعیرو ھونەرمەندی كورد ساڵح دیلان كرايه‌وه‌.

فەوزی ئەتروشی، جێگری وەزیری رۆشنبيری عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند، بۆ رێزگرتن  له‌ 25ه‌مين ساڵيادى كۆچی دوای شاعیر و ھونەرمەندی كورد، حه‌مه‌ ساڵح ديلان، مەراسیمێك لە بەغدا بەڕێوە چوو.

گوتیشی: "زۆر لە ئەدیب و رۆشنبیرانی كوردستان و عێراق بەشداریان لەو مەراسیمەدا كرد".

حوسێن جاف جێگری یەكێتی ئەدیب و نوسەرانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24، گوتی: "ئەمڕۆ بەغدا پێشوازی لە یادی كۆچی دوایی حەمە ساڵح دیلانی شاعیر و ھونەرمەند كرد، كە ئەو مرۆڤە جگە لەوەی لە بواری ئەدەب و ھونەر خزمەتی زۆری بە گەلەكەی كردووە، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، لەسەر ھەڵوێستەكانی وەك كوردێك لە ژیاندا ناخۆشی زۆری بینی، ئەو سێ ساڵ بێ دادگایكردن زیندانی كرا".

محەممەد ساڵح دیلان ساڵی‌ ١٩٢٧ لە گەڕەکی‌ گۆیژەی شاری‌ سلێمانی‌ لەدایکبووە، سەرەتاکانی قۆناغی خوێندنی لە ‌مزگەوتی‌ بابەعەلی‌ بەسەر بردووە، دواتر لە ‌قوتابخانەی‌ خالدییە قۆناغی‌ سەرەتایی‌ بڕیوە. پاشان درێژەی بە خوێندن داوە و تا پۆلی سێی‌ ناوەندی‌ خوێندووە. لە ساڵی  ١٩٤٧ وەك فەرمانبەر لە ‌فەرمانگەی‌ تووتن دامەزراوە.

ئەو یەكێك بووە لەو شاعیرانەی نوێکاری لە شیعری کوردیدا كردووە. لە ھەمانكاتدا وەك ھونەری گۆرانی گوتن مەقامزانێكی بە توانا بووە.