مۆزەخانەی لۆڤەر شارستانییەتی جیھانی كۆكردووەتەوە

K24- ھەولێر مۆزەخانەی لۆڤەر بە گەورەترین مۆزەخانەی جیھان ھەژمار دەكرێت، چەندین تابلۆی ھونەریی و شارستانیەتی جیھانی پێش مێژوو ھەتا سەدەی 21 لە خۆ گرتووە.

مۆزەخانەی لۆڤەر کەوتووەتە ناوەڕاستی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و لە ساڵی1793 زایینی كراوەتەوە. شوێنی مۆزەخانەكە ماڵی یەكێك لە پاشاكانی فەڕەنسا بووە.

رووبەری مۆزەخانەكە زیاتر لە 6 ھەكتارێکی چوارگۆشەیە، لە ساڵی 1848زایینی فراوانتر كراوە و بۆ دوو بەشی سەرەكی دابەشكراوە، بەشی كەلتووری وئەنتیكەخانە.

چەندین پارچە شوێنەواری گریكەكان، رۆمانەكان، میسرییەكان یۆنانییەكان و شارستانییەتی میزۆپاتامیای تێیدا كۆكراوەتەوە.

5664 تابلۆی ھونەریی تێدایە، سەرەڕای ھەبوونی ھەزاران وێنەی فۆتۆگرافیی. جگەلەمانەش یەك ملیۆن پارچە  تابلۆی ھونەریی زەیتی تێدایە.

بەرچاوترین تابلۆی ھەنەریی لە لۆڤەر، تابلۆی (مۆنالیزا)یە کە ھونەرمەندی ناوداری ئیتاڵیا، لیۆناردۆ داڤێنشی لە ساڵی 1503 دەستی کێشانی کردووە و تا وەکو کۆتایی تەمەنیشی لە کێشانی ئەم تابلۆیە نەبووەتەوە.

مۆزەخانەی لۆڤەر چەند بەشێكی لەخۆ گرتووە کە بریتین لە:

بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، میسری دێرین و میزۆپۆتامیا، بەشی فەڕەنسا، ئیتالیا، ھۆڵەندا، فنلەندا و بەریتانیا، بەشی شارستانیەتی رۆمانییەكان و یۆنان.

مۆزەخانەی لۆڤەر یەكێكە لە سەرەنج راكێشترین مۆزەخانەكانی جیھان. ساڵانە بە میلیۆنەها كەس سەردانیی دەكەن.