به‌فر حاجى ئۆمه‌رانى گه‌ڕانده‌وه بۆ رابردوو
K24 - حاجی ئۆمەران:
حاجى ئۆمه‌ران به يه‌كێك له كوێستانه سه‌خته‌كانى كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت، له رابردوودا ناوچه‌كه به به‌فرى زۆر و بارينى به‌فرى ساڵ به‌سه‌ر ساڵى پێشوويدا به‌ناوبانگ بووه. ئه‌مساڵ جيا له چه‌ند ساڵى رابردوو، زۆرى به‌فر بارين ياده‌وه‌رييه كۆنه‌كانى لاى خه‌ڵكى ناوچه‌كه نوێكردووه‌ته‌وه و ھاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاريش لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئه‌و ناوچه‌يه په‌كى كه‌وتووه.
پەیامنێری كوردستان24، لە ناوچەكە رایگەیاند، "به‌هۆی زۆری به‌فربارین ھاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئومەران پەكی كەوتووە، چەندین ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر به درێژایی رێگاكە وەستاون ناتوانن دەرچن، ھەروەھا ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیاریش له چاوه‌ڕوانی كرانه‌وه‌ی ڕێگاكه‌دان".
گوتیشی: "ھەرچەندە تیمه‌كانی راماڵین به‌فر بەردەوامن لە كاركردن، به‌ڵام به‌هۆی كڕێوه‌و زریان و بارینی نزیكه‌ی یه‌ك مه‌تر به‌فر، ناتوانن وه‌ك پێویست كاربكه‌ن، لەگەڵ ئەوەشدا رێگای سه‌ره‌كی نێوان سۆران – چۆمان، به‌هۆی شه‌خته‌وه په‌كى كه‌وتووه. ره‌وشی هاتووچۆ له بارودۆخێكی خراپدایه و چه‌ندین پێكدادانی ئۆتۆمۆبێل روویانداوه، به‌ڵام ته‌نها زیانی ماڵی به‌دواوه بووه".
روونيشيكرده‌وه، "هه‌ربه‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ی به‌فربارینه له دوێنێوه كاره‌بای شارەدێی حاجی ئۆمه‌ران كه ئێرانه‌وه دابینكراوه به هۆی كه‌وتنی ستوونی هێڵێك پچڕاوە".