كچانى ئیسرائیل ده‌یانه‌وێت شۆرت له‌ پێ بكه‌ن

هاوینى ناوچه‌كانى فه‌له‌ستین و سنوورى ئیسرائیل به‌ به‌رزى پله‌ى گه‌رما ناسراون‌، كچانى قوتابخانه‌یه‌كى ئیسرائیل ده‌یانه‌وێت

K24- هەولێر
هاوینى ناوچه‌كانى فه‌له‌ستین و سنوورى ئیسرائیل به‌ به‌رزى پله‌ى گه‌رما ناسراون‌، كچانى قوتابخانه‌یه‌كى ئیسرائیل ده‌یانه‌وێت له‌ هاویندا شۆرت له‌ پێ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و داوایه‌یان ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى له‌ ده‌وام ده‌ر‌كراوون.
ئه‌و كچانه‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئایارى رابردووه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌ شۆرته‌وه‌ ده‌وام بكه‌ن، به‌ڵام مامۆستاكانیان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ نابێت روو بدات چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆى سه‌رنجڕاكێشانى كوڕه‌كان و ئاراسته‌ى خوێندن له‌ قوتابخانه‌كه‌دا ده‌شێوێت.
كچه‌ قوتابییه‌كان له‌ رێگه‌ى فه‌یسبووكه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كیان كردووه‌ته‌وه‌ و له‌وێوه‌ داواى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن رێگه‌یان پێ بدرێت وه‌ك كوڕه‌كان ئه‌وانیش شۆرت له‌ پێ بكه‌ن.
له‌ ناوچه‌كانى ئیسرائیل، حكومه‌ت یه‌كپۆشى له‌ په‌روه‌رده‌دا نه‌سه‌پاندووه‌ و هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك سه‌ربه‌سته‌ له‌وه‌ى چ جۆره‌ جلوبه‌رگێك بۆ قوتابخانه‌كه‌ى ده‌ستنیشان ده‌كات.
نیف، قوتابى پۆلى دووه‌مه‌ له‌ په‌یمانگه‌ى گیداراى گشتى، كه‌ 40 كیلۆمه‌تر له‌ ته‌لئه‌بیبه‌وه‌ دووره‌. ئه‌و ده‌ڵێت "پله‌ى گه‌رما گه‌یشتووه‌ته‌ 45 پله‌ و كوڕه‌كان بۆیان هه‌یه‌ شۆرت له‌ پێ بكه‌ن، به‌ڵام بۆچى بۆ ئێمه‌ نه‌بێت له‌ پێى بكه‌ین، ئه‌وان ده‌ڵێن ئێوه‌ ده‌بنه‌ هۆى وروژاندنى كوڕه‌كان، به‌ڵام بۆچى مامۆستاكان خۆیان به‌ شۆرته‌وه‌ دێنه‌ ده‌وام و وروژاندن روونادات".
گوتیشى: "له‌ 4ى ئایارى رابردوودا، نیوه‌ى قوتابیانى پۆله‌كه‌مان به‌ شۆرته‌وه‌ هاتنه‌ ده‌وام، به‌ڵام مامۆستایان به‌ توندى رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه‌ و له‌ قوتابخانه‌ ده‌ریان كردین و ئه‌و رۆژه‌ به‌ نه‌هاتوو هه‌ژمار كرایین".
به‌ گوێره‌ى قسه‌ى كچه‌ قوتابییه‌كان، قوتابخانه‌كانیان له‌ ژێر كاریگه‌رى ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ن كه‌ پاره‌ ده‌به‌خشن به‌ قوتابخانه‌كه‌ و ئه‌وانیش به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ئاینداره‌كانن و نایانه‌وێت كچان به‌ خواستى خۆیان جل بپۆشن.