ئێران هه‌نارده‌ى نه‌وت زياد ده‌كات

ئێستا ئێران بووه‌تە پاڵەوانی مەیدانەكە.
kurdistan24.net

K24 – تاران:

لە دوای ھەڵگرتنی گەمارۆكانی سەر ئێران و رێككەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ٥ كۆ یەك ئێستا ئێران بووه‌تە پاڵەوانی مەیدانەكە و وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك و نائەنداكەمانیش چاویان لەوەیە ئاخۆ ئێران بەرھەم ھێنانی نەوتی بەره‌و كوێ دەبات.

بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریكاش لەو لاوە دەڵێت ھەتا ساڵی ٢٠١٧ بەرھەم ھێنانی نەوتی پاڵەوانەكە بۆ ٣ ملیۆن و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا زیاد دەبێت واتە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ ساڵ پێش لە گەمارۆدانە ئابووری و سیاسیەكەی.

لە راپۆرتەكە كە دا ھاتووە ئەگەر ئێران بتوانێت ئەو پاڵاوتگانەی كە لە ئەنجامی گەمارۆكان دا خرابوون جارێكی تر كاری پێ بكات و كوالێتی بەرھەم ھێنانی بەرەو سەرەوە ببات و بتوانێت خۆی لە بەردەم ئاستەنگەكانی بازاردا بگرێت ئەوا ئەو رێژەی بەرھەم ھێنانە زیاتریش دەبێت.

پێش لادانی گەمارۆكانیش ئێران رایگەیاندبوو، كەوا بەرھەم ھێنانی نەوتەكەی بۆ ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا زیاد دەكات.

بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریكا ئەوه‌شی ئاشكرا كردووه‌ ئێران نزیكەی ٣٠ ھەتا ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی بەسەر دەریاكان دا ھەیە كە لەبەر نەبوونی كڕیار نەیتوانیوە بفرۆشێـت بۆیە ھەر لە كاتی فرۆشتنی ئەم یەدەگانەش بازارەكانی جیھان پر دەبێت لە زێڕی رەش.

ئێران و ٦ وڵاتە زلھێزەكەی جیھان لە ١٦ی ئەم مانگە لەسەر پرسی ئەتۆمی و ھەڵگرتنی گەمارۆكان گەیشتە رێككەوتن و ھەتا ئێستاش ئابووری ئەو وڵاتە بە پەیژەكانی گەشەی ئابوری سەردەكەوێت.