"ناتوانین خەڵك بەرەوە چارەنووسی ناروون ھانبدەین"

دەسەڵاتی ھاووڵاتی بەسەر دەسەڵاتی پاوانخوازوكاندا زیاد بەكرێت

K24 - مھاباد

بەرەی یەكگرتووی كورد لە بەیاننامەیەكدا، پرسی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەربەستەكانی بەردەم كاندیدەكانیان خستووەتەڕوو، ھاوكات چەند مەرجێكیشیان بۆ بەشداری لەو ھەڵبژاردنانەدا دەستنیشانكردووە.

ئەو بەرەیە، بەیاننامەیەكی لە ژێر ناوی (بەرەی یەكگرتووی كورد و مەرجەكانی دەنگدان) بڵاوكردووەتەوە، تێیدا ھاتووە: "لە پێناو پاراستنی ئاسایشی وڵاتدا، سەرجەم ھەوڵەكانمان خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی لە سەر بنەمای یاسا، گوتاری راوێژ و ھۆشیاركردنەوە و بە رێكخراوەیی كردنی لە نێو ھاووڵاتیاندا بڵاوبكەینەوە".

لە درێژەی بەیاننامەكەی بەرەی یەكگرتووی كورد دا ھاتووە: "بەڵێن لەگەڵ ھاووڵاتییان نوێ دەكەینەوە، دوای ھاتنە سەر كاری سەرۆك كۆماری نوێ و رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی 5+1، ئەگەر وەكوو دەسەڵاتدارانی ئێران بەڵێنیانداوە، دەسەڵاتی ھاووڵاتی بەسەر دەسەڵاتی پاوانخوازوكاندا زیاد بكرێت و ئاسۆی گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتیی روون بێت، لەسەر چالاكییەكانمان بۆ بانگەشەی بەشداری بەردەوام دەبین، بە پێچەوانەوە ناتوانین خەڵك بەرەوە چارەنووسی ناڕوون ھانبدەین".

ئەو بەرەیە مەبەستەكانی خۆی بەرجەستە كردووە و دەڵێت: "مەبەستی ئێمە خەباتی مەدەنی و بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا بووە، ئەویش لەچەند خاڵێكدا خۆی دەبینێتەوە:

"بڵاوكردنەوەی كلتووری خەباتی مەدەنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بڵاوكردنەوەی كلتووری رێكخراوەیی و بڵاوكردنەوەی ئەو كلتوورە جیھانییەی كە دەنگدان دانووستانێكی دوولایەنەیە، واتە شتێك دەبەخشیت، لە بەرامبەریشدا شتێك وەردەگرێت".

ھەر لەو بەیاننامەیەدا ھاتووە: "بەرەی یەكگرتووی كورد بۆ بەدیھێنانی ژیانێكی شایستە بۆ سەرجەم پێكھاتەكانی ئەو وڵاتە ھەوڵیداوە و لەو نێوەندەشدا دەستكەوتەكانی كەم نەبوون و توانیوییەتی دەنگی كورد بەرز بكاتەوە و ھاوكات داواكارییەكانی كورد و پێكھاتەكانی دیكەی لە بەرنامەی سەرۆك كۆماردا وەكوو مافی پێكھاتەنەتەوەییەكان بەرجەستە بكات".

بەرەی یەكگرتووی كورد مەرجەكانی بەشداری خۆی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامی ئێراندا لە بەرجەستە بوونی چەند دەسكەوتێكدا دەخاتەڕوو: "بەرەی یەكگرتوو بتوانێت، نوێنەری لێھاتوو و شیاو بۆ ئەنجوومەنی شوورای كۆماری ئیسلامی ئێران بنێرێت، دەرفەت بۆ بەشداری سەرجەم پێكھاتەكان لە دەسەڵاتی بەرێوەبەری وەك یەكتر بێت".

لە كۆتایی بەیاننامەكەی بەرەی یەكگرتووی كورد ئاماژە بەوە دراوە: "ئەگەر ئەو مەرجانە بەدینەیەن، ناتوانین بڵێین دانووستانەكە دوولایەنەیە و بۆیە لەو جۆرە دانوستانەدا بەشداری ناكەین".