نەورۆز مەولود: لە وێركشۆپی حكوومەتی ھەرێم سێ ژوور پێكھێنرا

نەوزادھادی: دەبێ بازاڕیش رێك بخرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پەرلەمان و پسپۆر وۆرگشۆپێكی لە ھەولێر رێكخست، نەرۆز مەولود وەزیری شارەوانی ھەرێم رایگەیاند، سێ ژوور پێكھێنراون بۆ گفتوگۆكردن و دیاركردنی رێگەچارە، ھەروەھا نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر دەڵێ، جگە لە مووچەو داھات دەبێ بازاریش رێك بخرێت.

لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و وەزیرانی حكوومەتی ھەرێم، بە مەبەستی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەوە بارودۆخە، وۆرگشۆپێك لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت، جگە لە ستافی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارەیەك پەرلەمانتارو پسپۆر و بەڕێوەبەرە گشتی و پارێزگارەكان بەشداریان لەو وۆرگشۆپەكەدا كردووە".

گوتیشی: "لەو وۆرگشۆپەكەدا سێ ژوور پێكھێنرا وەك خەرجییەكان، داھات و راگەیاندن، دوای نیوەڕۆ ھەرسێ ژوور لە كۆبوونەوەدان و راو بۆچوون ئالوگۆڕ دەكەن، دوای نیوەڕۆ سەرۆك و جێگری حكوومەت ئامادەی گفتوگۆ و را وەرگرتن دەبن، بۆ ئەوەی پڕۆپۆزەلێك ئامادە بكرێت بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی پێدەر بكرێت وەك ھەوڵێك بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە داراییە".

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر كە بەشداری وۆرگشۆپەكەیە بە (كوردستان24)ی گوت: "ئەم وۆرگشۆپە تایبەت نیە بە حكوومەت و بەرفراوانكراوە، بۆ ئەوەی میكانیزمێك دابنێر بەپێی ئەو داھاتەی مانگانە مووچە و بودجەی بە گەڕخستن دابین بكرێت، چونكە ئێمە داھاتمان ھەیە بەڵام بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت داھاتمان دابەزیووە".

گوتیشی: "گەر داھات و مووچە رێكخرا دەبێ بازاڕیش رێك بخرێت بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر فەرمانبەر و خەڵكی ھەژار نەبێت، دەبێ ھاوسەنگییەك ھەبێت لە نێوان قەیرانەكە و كەمی داھات و خەرجی رۆژانەی خەڵك".

لە دوا كۆبوونەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، كە ھەفتەی رابردوو لە بارەی چاكسازییەكانیەوە، بڕیاریاندا وۆرگشۆپێك بۆ دانانی پلانێكی تۆكمە لە بارەی قەیرانی دارایی و داھات رێك بخەن.