ھاوسەرۆكەكانی ئێستای هەدەپە تاكە كاندیدن بۆ سەرۆکایەتیکردنەوەی حزبەکە

سبەی دووەم كۆنگرەی ھەدەپە بەڕێوەدەچێ
kurdistan24.net

K24- باكووری كوردستان:

بڕیارە پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)، سبەی یەکشەممە، دووەمین كۆنگرەی خۆی ئەنجام بدات، لە کاتێکدا ھاوسەرۆكەكانی ئێستای هەدەپە تاكە كاندیدن بۆ دووبارە سەرۆکایەتیکردنی هەدەپە.

چەند ئەندامێکی کۆنگرەکانی هەدەپە کە پێشتر لە ئاستی شارەکانی باکوور و تورکیا بەڕێوەچوون بە (کوردستان24) یان راگەیاند کە: "53 كۆنفرانسیان لە نێوان ئەندامەكانیان لە سەرجەم توركیادا ئەنجامداوە".

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیاربوو دووەم كۆنگرەی ھەدەپە پێش ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی توركیا بەڕێوەبجێ، بەڵام دەرئەنجام کۆنگرەکە بۆ دوای ھەڵبژاردنەكان دواخرا.

رێکخەرانی كۆنگرەكە دەشڵێن: "چاوەڕوان دەکرێ 5 ھەزار كەس لە ھۆڵی كۆنگرەكەدا ئامادە بن و ھەموو رێوشوێنێكی ئەمنیشیان گرتووەتەبەر".

بۆ دووەم كۆنگرەی ھەدەپەش کە بڕیارە لە ئەنقەرە بەڕێوەبجێ، جگە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هەردوو هاوسەرۆکی ئێستای هەدەپە كەسی دیكە خۆیان بۆ پۆستی ھاوسەرۆكی ھەدەپە كاندید نەكردووە. بەڵام دەگوترێ كە لە ناو رێكخستنەكانی ئەو حزبەدا گۆڕانكاریی گەورە ئەنجامدەدرێت و سبەی ھەردوو ھاوسەرۆكی ھەدەپە بەر لە دەستپێكی كۆنگرەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدەن.