محەممەد ئەمین پێنجوێنیی: رێككەوتنی دەباشان ھەر قسە بووە

پارتیی: ھەركاتێك ئێمە و یەكێتیی لە یەك نزیك بین ئەنجامەكەی خزمەتی زیاترە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

پرسی رێككەوتنی نوێی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە لایەك و نوێكردنەوەی لێكتێگەیشتنی یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان لە لایەكی دیكە لە ئارادایە، تا ئێستا دیار نییە یەكێتیی كامەیان ھەڵدەبژێرێت؟ لەبارەی رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتییەوە سیاسەتمەدار محەممەد ئەمین پێنجوێنیی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، رێككەوتنی یەكێتیی و گۆڕان لە دەباشان لە راستیدا ھەر قسەبووە و رێككەوتنی فەرمی نەبووە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) محەممەد ئەمین پێنجوێنیی، سیاسەتمەداری كورد رایگەیاند: "لە راستیدا رێككەوتنی داباشانی یەكێتیی و گۆڕان ھەر قسەبووە، رێككەوتێكی فەرمیی نەبووە لە نێوان دوولادا بیدەن بە حزب و رێكخراوەكان بڵێن ئەو رێككەوتنەمان كردووە و شیكردنەوەی لەسەر بكەن، شتێك بوو لە نێوان مام جەلال و كاك نەوشیروان تا ئێستا ھەر یەكە و بە جۆرێك باسی دەكات".

سەعید پشدەریی، بەرپرسی لقی4ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەی رێككەوتن و نزیكبوونەوەی پارتیی و یەكێتیی گوتی: "لە رابردوو بینیمان ھەر كاتێك ئێمە و یەكێتیی لە یەك نزیك بووبین ئەنجامەكەی خزمەتی زیاتر بووە، ئاوەدانیی، گەشانەوە و ئارامیی بەرەو لوتكە بووە، ھەر كاتێكیش لە یەكتر دوور كەوتبینەتەوە پێچەوانەكەی بووە".