رۆژنامەیەكی ئێران: چین داوێنی ئێران بەر نادات

"کێشەکانی نێوان ئێران و سعودییە قووڵ بوونەتەوە"

K24:

وێڕای ئەوەی رۆژنامەكانی سەر بە ھەردوو باڵی ریفۆرمخوازان و پارێزگاران بە گرنگییەوە باسی لە سەردانەكەی سەرۆك كۆماری چین بۆ ئێران دەکەن، ھاوكات خوێندنەوەی چەند رۆژنامەیەكی دیكە بۆ ئەو سەردانە بە پێچەوانەوەیە، بۆ نموونە رۆژنامەی جیھان نووسیویەتی: "چین داوێنی ئێران بەر نادات".

چەند رۆژنامەیەكی سەر بە رێفۆرمخوازان، گوتەكانی دوێنێی، حەسەن خومەینیی، نەوەی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان سەبارەت بە ئازەرییەكانی ئەو وڵاتە بڵاوکردووەتەوە.

باسێكی دیكە چەند رۆژنامەیەكی ئەمڕۆی ئێران تایبەتە بە دیداری نەھێنی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف و توركی ئەلفەیسەڵ، شازادەی سعوودیە لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆس.

بەشێك لە دارایی ئێران لە بانكەكانی چیندا دەستیان بەسەرداگیرابوو

ھەرچەندە رۆژنامەكانی سەر بە ھەردوو باڵی ریفۆرمخواز و پارێزگاران ھەڵسەنگاندنی ئەرێنیان بۆ سەردانەكەی سەرۆك كۆماری چین بۆ ئێران كردووە، بەڵام ھەندێك رۆژنامەی وەكوو جیھانی سەنعەت ھەوڵیداوە، جیاوازیی گۆشە نیگای ئەو دوو وڵاتەی (ئێران و چین) بەرجەستە بكات و بە مانشێتی گەورە نووسیویەتی: "چین داوێنی ئێمە بەرنادات".

رۆژنامەی وەقایعی ئێتفاقییە نووسیویەتی: "بێگومان سەردانی سەرۆك كۆماری چین بۆ ئێران پەرە بە پەیوەندییەكانی دوولایەن دەدات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە ئەو دوو وڵاتە ببنە ھاوبەشی ستراتێژی یەكتر".

لە درێژەی باسەكەی ئەو رۆژنامەیەدا ھاتووە: "سەرۆك كۆماری چین و ھاوتا ئێرانییەكەی باسیان لە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای ھاوبەشیی ستراتێجیی كرد، بەڵام دەبێت ئەوە لە بەرچاو بگرێن، ھاوكات چین لەگەڵ 17 وڵاتی دیكەش رێككەوتنامەی ھەیە".

رۆژنامەی فەرھیختەگان نووسیویەتی: "ھەرچەند كۆماری چین لە میانەی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران، یەكێك لە ھاوبەشە گرینگە ئابوورییەكانی ئێمە بوو، بەڵام با لە بیرمان نەچێت، دەسەڵاتدارانی پەكین ھەڵوێستێكی ئەوتۆیان دژی ئەو بڕیارانە نەبوو كە بە دژی ئێران دەردەچوون. تەنانەت بەشێك لە دارایی ئێران لە بانكەكانی چیندا دەستیان بەسەرداگیرابوو".

"ھەوڵ بدەین لە ژیاندا ستەم لە كەس نەكەین و ستەمیش قەبووڵ نەكەین"

رۆژنامەی ئەسرار و رۆژنامەی ئارمان گوتەكانی حەسەن خومەینییان بڵاوکردووەتەوە. حەسەن خومەینیی، دوێنی لە میانەی دیداری لەگەڵ كۆمەڵێك ھاووڵاتی كە سەردانی ماڵی رووحوڵڵا، خومەینییان كردبوو، سەبارەت بە رۆڵی ئازەرییەكانی ئێران دواو و گوتی: "ھەوڵ بدەین لە ژیاندا ستەم لە كەس نەكەین و ستەمیش قەبووڵ نەكەین. ناكرێت بەرامبەر بە مافی پیاوان و ژنانی خۆڕاگری ئازەریی بێ دەنگ بین. لەبیرمان نەچێت، لەخۆبووردەیی سەتتارخان لە تەورێز بوو كە بزووتنەوەی مەشروتەی سەرخست، ھاواری خەڵكی ئازەریی، ھاوارێكی دادپەروەرانەیە".

رۆژنامەی ئەسرار نووسیویەتی: "وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆس لەگەڵ توركی ئەلفەیسەڵ، شازادەی سعوودیە چاوپێكەوتنی ئەنجامداوە".

بە گوێرەی ئەو راپۆرتی ئەو رۆژنامەیە، زەریف و ئەلفەیسەڵ لە دانیشتنەكەیان دەنگیان بەرز كردووەتەوە و دژی یەكتر قسەیان كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قووڵ بوونەوەی كێشەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.